سەردێڕ:

سوپای تورکیا لە کۆبانی چوار ھاوڵاتی مەدەنی شەھیدکرد

دیمەنی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان لەکاتی بەردبارانکردنی سوپای تورکیادا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-11-12

10154 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتی بەردبارانکردنی ئوتومبێلە سەربازییەکانی دەورییەی ھاوبەشی تورکیا و ڕوسیا لەلایەن ھاوڵاتیانی مەدەنی گوندێکی نزیک لە کۆبانی، سوپای تورکیا دەستڕێژی گولەی لێکردن و چوار کەسی شەھیدکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ھاوار، ئەمڕۆ ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، لەکاتی بەردبارانکردنی ئوتومبێلە سەربازییەکانی دەورییەی ھاوبەشی تورکیا و ڕوسیا لەلایەن ھاوڵاتیانی مەدەنی گوندی کۆرپینگەڕێ، لە باشوری ڕۆژھەڵاتی شاری کۆبانی، سوپای تورکیا دەستڕێژی گولەی لێکردن و چوار کەسی شەھیدکرد و تا ئێستا، ناسنامەی شەھیدەکان دیار نییە.
ئاژانسەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، "خەڵکی ناوچەکە تەنھا بە بەکارھێنانی بەرد ئوتومبیلە ئاسنینە سەربازییەکانی سوپای تورکیا و پۆلیسی ڕوسیایان کردووەتە ئامانج و، ناڕەزایەتیان نیشانداوە".
ئەوەش ھاتووە، "جگە لە دەستڕێژی گولە، ئەو ھێزانە بە گازی فرمێسکڕێژ لە زۆربەی ئەو ناوچانە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی ھاوڵاتیان دەبنەوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەدوای ڕێککەوتنەکەی نێوان ڕوسیا و تورکیا و کشانەوەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لەسەر سنوری سوریا-تورکیا، ھێزە سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە ئەنجامدانی دەوریەی سەربازیی ھاوبەشکردووە و خەڵکی گوند، شارۆچکە و شارەکانیش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەبەرامبەریاندا ئەنجام دەدەن.