سەردێڕ:

سەرۆکایەتی تورکیا: ئەردۆغان و پوتین جەختیان لە ڕێککەوتنەکەی سوچی کردەوە

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا
ڤلامێر پوتین - سەرۆک کۆماری ڕوسیا، و رەجەب تەییب ئەردۆغان - سەرۆک کۆماری تورکیا
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-09

3259 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند، ئەمشەو ئەردۆغان و پوتین پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی سوچی کردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەمشەو، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، هەریەک لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، و ڤلادمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕوسیا، پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا، و تێیدا، جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ٢٢ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، لە سوچی، کردەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەردوو سەرۆک، بارودۆخی ناوچەکە و دوایین گۆڕانکارییەکانیان تاوتوێ کرد".

ئاماژە بەوەشدراوە، "هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان وڵاتەکانیان کرد".

ئەمەش لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەردۆغان دەربارەی ڕێکەوتنەکانی تورکیا لەگەڵ ڕوسیا و ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا و ڕوسیا بەڵێنەکانیان نەبردووەتە سەر و هۆشداری ئەوەی دابوو کە یەپەگە هێشتا ناوچەی ئارامی جێنەهێشتووە.