سەردێڕ:

خورماتوو.. زۆری ژمارەی قوتابیانى قوتابخانە کوردییەکان بووەتە گرفت

فۆتۆ: 
2019-11-09

1413 جار خوێندراوەتەوە

زۆری ژمارەی قوتابیانى قوتابخانە کوردیەکان لە خورماتوو بەجۆرێکە لە هەر پۆلێکدا زیاتر لە ٨٠ قوتابى تێدایە و ئەوەش نیگەرانی لاى مامۆستایان و قوتابیان دروستکردوە.

قوتابخانە سەرەتایەکانی خورماتووە، لە پشوی وانەکاندا گۆڕەپانی قوتابخانەکە جمەی دێت لە قوتابی.

لەکاتی وتنەوەی وانەشدا هەر پۆلێکی ئەم قوتابخانەیە 18 رەحلە یان کورسی تێدایە بۆ دانیشتنی قوتابیەکان، بۆ هەر کورسییەک قوتابیان چوار چوار دانیشتون و لە پۆلێکیشدا نزیکەی 80 قوتابی هەن، واتا دیمەنی ڕۆژانەی 3 قوتابخانە لە یەک بینادايە.

زۆری ژمارەی قوتابیەکان لە قوتابخانە کوردیەکانی خورماتوو نیگەرانی لای مامۆستایان دروست کردوە و ناتوانن وەک پێویست هەموو قوتابیەکان بە باشی فێری خوێندن و نوسین بکەن.

مامۆستایانیش داوا دەکەن بە زوترین کات وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەنگیانەوە و بچن لەو ژمارە زۆرەی قوتابیان لە پۆلەکاندا ڕزگاریان بێت، تا بتوانن بە شێوەیەکی باش وانە بڵێنەوە.

ئەم قەرەباڵغیەی نێو قوتابخانە کوردیەکانی خورماتوو تەنها قوتابخانەی کچان نیە بەڵکو قوتابخانەی کوڕانیش بەهەمان شێوەی کچان چوار چوار لەسەر یەک ڕحلە دانیشتون و بینای قوتابخانەکەش 3 دەوامە لە ڕۆژێکدا.

تارق ئەحمەد بەرێوەبەری خوێندنی کوردی لە خورماتوو هۆکاری زۆری قوتابیەکان بۆ نەبونی قوتابخانه دەگێڕێتەوە و دەشڵێت، ئەوانیش بەدەست زۆری قوتابی و نەبونی قوتابخانەی پێویست دەناڵێنن و نیگەرانیەکانیان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەش کردوە، چاواڕوانی چارەسەرکردنین.

لە خورماتوو لە 22 قوتابخانەی سەرەتایدا 2700 قوتابی وانە دەخوێنن، قوتابخانە دواناوەندیەکانیش تەنها 11 قوتابخانەن بۆ 2300 قوتابی. وەک بەرپرسانی پەروەردەش باسیان کرد، بۆ چارەسەرکردنی زۆری ژمارەی قوتابیەکان پێویستان بە 10 قوتابخانەی دیکەیە تاوەکو قەرەباڵغی ناو قوتابخانەکان نەمێنێت.