سەردێڕ:

سەرخەت و بن خەت دەستەواژەیەکی ئاشنا بۆ کوردانی باکور و رۆژئاوا

باکوری کوردستان بۆ بێدەنگە؟
فۆتۆ: 
2019-11-09

5819 جار خوێندراوەتەوە

سەرخەت و بن خەت دەستەواژەیەکی ئاشنا بۆ کوردانی باکور و رۆژئاوا کە گوزارشتێکە لە تێکەڵاوی زۆری ئەو دوو بەشە و پەیوەندی تۆکمەی کۆمەڵایەتی لە نێوانیاندا.

پەیوەندییەک کە بەهۆی مانەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان و بوونی بنکەکانی پەکەکە بۆ نزیکەی ٢٠ ساڵ لە سوریا، توندتر بووەوە و بەهەزاران گەنجی رۆژئاوا بەشدارییان لە جوڵانەوەی باکوردا کرد.

لە کاتی هێرشەکانی تورکیا و گروپە سورییە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر عەفرین و هێرشەکانی ئەمجارەیان بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەو پرسیارەی زۆر کەس دەیانکرد، ئەمە بوو: باکوری کوردستان بۆ بێدەنگە؟

لە هەردوو هێرشەکاندا شەقامی کوردی لە رۆژئاوا، باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان و رەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان و رێپێوان و چالاکی جیاجیای ناڕەزایەتی دژی هێرشەکانی تورکیا.

گەرچی لە ساڵانی پێش ٢٠١٥ شەقامی باکوری کوردستان چ بۆ پرسەکانی ئەو بەشە و چ بۆ هەندێک پرسی بەشەکانی دیکە، بەردەوام لەسەرپێبوو، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا کپی و بێدەنگیەکی زۆری پێوە دیارە.

دوایین جار کە شەقامی باکور لەسەر پرسی رۆژئاوا کەوتە جوڵە لەسەروبەندی هێرشەکانی داعشدا بوو بۆ سەر کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤، کە تیایدا ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە شەهیدبوون و بەدەیانی تر برینداربوون.

کەواتە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٨ لە باکوری کوردستان چی روویداوە؟

لە مانگی تەمموزی ٢٠١٥، تورکیا کۆتایی بە پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد هێناوە و هاوکات، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی چڕی سەربازی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باکور و باشوری کوردستان، هەڵمەتی گرتن و دەستبەسەرکردنی ئەندام و لایەنگرانی هەدەپەشی دەستپێکرد.

شەڕی ئەمجارە تەنها شاخی نەگرتەوە و لە مانگی ئابی ٢٠١٥ەوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، شار و شارۆچکەکانی وەک نسێبین، شرناخ، سوری ئامەد و جزیریشی گرتەوە کە تیایاندا سوپای تورکیا بە ئاگر و ئاسن بەرەوڕووی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل بووەوە و ئەو ناوچانە خاپورکران و نزیکەی نیو ملیۆن کەس ئاوارەبوون.

هەر لە ساڵی ٢٠١٦دا، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی هەدەپە، و ژمارەیەک لە پەلەمانتارانی ئەو حزبە دەستبەسەرکران و تا ئێستاش لە زینداندانن و سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی سەر بەهەدەپەش زۆرینەیان دوورخرانەوە.

لە ساڵی ٢٠١٧دا، شەڕ و پێکدادان لە چیاکان و هەڵمەتی گرتن لە شارەکان بەردەوام بوو، بە پێی ئامارێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا، لەو ساڵەدا ٣ هەزار و ٢٧٨ کەسی سەر بە هەدەپە دەستگیرکراون و تا ئێستا وەک بەرپرسانی ئەو حزبە باسی لێدەکەن زیاتر لە ١٠ هەزار ئەندام و لایەنگریان راپێچی گرتووخانەکراون، ئەو هەڵمەتەش بە درێژایی ساڵی ٢٠١٨ و لە کاتی هێرشەکانی سەر عەفرین بەردەوام بوو.

 لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمجارە بۆ سەر باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە زۆربەی ناوچەکانی باکوری کوردستان بە توندی رێگرییان لەهەر جۆرە چالاکیەکی هەدەپە کرد و لە زۆربەی ناوچەکانیش حکومەت قەدەغەی چالاکی راگەیاند، دوا نمونەشی لە پارێزگای وانە کە لە رۆژی ١٠ ئەم مانگەوە بۆ ماوەی ١٥ رۆژ هەموو چالاکیەکی تێدا قەدەغەدەکرێت.

بەشێک لە چاودێران پێیانوایە هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە باکور و رەشبگیریی ئەندام و سەرکردەکانی هەدەپە دەتوانرێت وەک قۆناغی ئامادەکاری بۆ هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان پێناسە بکرێت، بۆ ئەوەی بە بێدەنگکردنی سەرخەت، سیاسەتەکانی تورکیا لە بن خەت بەشێوەیەکی ئاسانتر جێبەجێ بکرێن.