سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان: مورسى بەڕەزامەندى دەوڵەت تیرۆرکراوە

فۆتۆ: 
2019-11-09

15071 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایانى هاوکارى نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایانکردوە، مردنى موحەمەد مورسى سەرۆکى پێشوى میسر، لەناو هۆڵى دادگا، کردەیەکى تیرۆرکردن بووە و ڕەزامەندى دەوڵەتى میسرى لە سەربووە.

بە گوێرەى  بەیاننامەیەک کە ڕۆژنامەى سەباحى تونسى بڵاویکردووەتەوە، مورسى، لەشوێنێکى زۆر خراپ و بێ هێچ خزمەتگوزارییەکدا زیندانی بووە و مامەڵەیەکى ''نامرۆڤانە''ى لەگەڵکراوە، بەجۆرێک ڕۆژانە ٢٣ کاتژمێر لە زیندانى تاکەکەسی ''ئینفرادى'' دا بووە و ڕێگە نەدراوە تەنانەت چاوى بە زیندانییەکانى دیکەش بکەوێت، هەموو جۆرە چارەسەرێکى پزیشکیشى لێ قەدەغەکراوە لەکاتێکدا ئەو نەخۆشى شەکرەى هەبووە، بەڵام ڕێگەیان نەداوە حەبى شەکرەکەى بەدەستبگات و لەسەر ئەرز و بەبێ پێخەف ماوەتەوە.

ئەو بەیاننامەیە دەشڵیت، پێشتر چەندجارێک دەسەڵاتدارانى میسر لە بارودۆخى خراپى مورسى ئاگادارکراونەتەوە کە ئەو زیندانییە بەرەو مردن دەچێت ئەگەر چارەسەرى پزیشکى فریانەخرێت، بەڵام پشتگوێ خراوە، بۆیە مردنى مورسى لەناو هۆڵى دادگا و لەکاتى دادگایکردنیدا "تیرورکردنێکى زاڵمانەیە".

ڕۆژى ١٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩، تەلەفزیۆنی فەرمی میسر بڵاویکردەوە، محەمەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر، لە لە کاتی دادگاییکردندا کۆچی دواییکردووە.

محەمەد محەمەد مورسی عیسا عەیات لە ساڵی ١٩٥١ لە گوندی (عودوە)ی سەر بە پارێزگای شەرقییە دایکبووە، لە ناو خێزانێکی جوتیار گەورەکراوە و کوڕە گەورەی خانەوادەکەی بووە، پێنجەمین سەرۆکی کۆماری میسرە و بە یەکەم سەرۆکی دوای شۆڕشی ٢٥ی کانوونی دووەمی ئەو وڵاتە دادەنرێت.

مورسی یەکەم سەرۆکی مەدەنی میسرە کە بە هەڵبژاردن پۆستی سەرۆکایەتی وەرگرتووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ توانی لە ٥١.٧٣%ی دەنگەکان بە دەستبهێنێت.

ماوەی سەرۆکایەتییەکە لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٢ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی وەرگرت و لە دوای کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٣ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.