سەردێڕ:

خوێندنەوە بۆ پشنیازى یاساى هەڵوەشاندنەوەى ئیمتیازاتى بەرپرسان کرا

فۆتۆ: 
2019-11-09

1909 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەى بۆ پشنیازى یاساى هەڵوەشاندنەوەى ئیمتیازاتى بەرپرسە باڵاکان و یاسای خانەنشینی یەکگرتوو کرد.

ئەمرۆ، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، بە بەشداری ٢٣٢ پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەبارەى چەند پڕۆژە یاسایەک کرد و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و قەزاو ناحیەکان کرد.

لە دانیشتنەکەدا، خوێندنەوە بۆ پشنیازى یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ کرا و دانیشتنەکەش بۆ رۆژى دووشەممە ١١ى تشرینى دووەم هەڵگیرا.

یەکێک لە خاڵەکانى پڕۆژە یاساى هەموارى یەکەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو ژمارە ٩ى ساڵى ٢٠١٤ دا هاتووە، تەمەنى خانەنشینى لە ٦٣ ساڵەوە بۆ ٦٠ ساڵ کەمکراوەتەوە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق، بەیاننامەیەکى حەوت خاڵى لەسەر پڕۆژە چاکسازییەکانى پەرلەمان بڵاوکردەوە و تێیدا بەڵێنیدا هەموارى کابینەى وەزارى بکات بە جۆرێک گۆرانکارییەکان گشتى یان بەشێکى وەزارەتەکان بگرێتەوە بەدوور لە پشک پشکێنەى سیاسى و حزبى.

هەروەها بریارى چاکسازیی نوێش دەردەکات کە کەمکردنەوەى موچەى پلە باڵاکانە بۆ نیوە و هەموارکردنەوەى موچەى توێژە جیاوازەکان و جێبەجێکردنى سیستمى قەرەبووکردنەوەى کۆمەڵایەتى بۆ ئەو کەسانەى کە لە ژێر هێڵى هەژارییەوەن.