سەردێڕ:

سەرێکانی.. شەڕ لە نێوان سوپاى سوریا و چەکدارانى سەر بە تورکیا روویدا

سەربازانی تورکیا - نزیک سەرێ کانی
فۆتۆ: میدیاکان
2019-11-09

4784 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ، لە سەرێکانی، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سوریا و گروپە چەکدارەکانى نزیک لە تورکیا روویداوە و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئاژانسی نۆرس پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە گوندەکانی نزیک بە سەرێکانی، پێکدادان لەنێوان سوپای سوریا و گروپە چەکدارە هاوشانەکانی تورکیا ڕوویداوە، و تێیدا، ٧ سەرباز و دوو فەرماندە سوپای سوریاش، کە یەکێکیان ئەحمەد ئەحمەد، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپایە، بە برینداری گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی حەسەکە.

راشیگەیاندووە، "گروپە چەکدارەکان چەکی قورسیان پێبووە و پێکدادانەکان هەریەک لە گوندەکانی ئاریشە، قاسمییە، داودییە، ئوم شوەیفە، دەردارە، عەزیزییە و ڕەشیدییە، کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەى سەرێکانی، گرتووەتەوە".

باسی لەوەشکردووە، " گروپە چەکدارەکان بە پشتیوانی تۆپهاوێژەکانى سوپای تورکیا هێرشەکەیان کردووە و بەهۆی هێرشەکەشەوە، سوپای سوریا لەو گوندانە کشاوەتەوە".

ئەوە لەکاتێکدایە دواى ریککەوتنى ئەمریکا و تورکیا و روسیا و راگەیاندنى ئاگربەست لە ناوچەکانى باکور و باکورى رۆژهەڵاتى سوریا، بەڵام شەڕ و ئاڵۆزى لە ناوچەکە بەردەوامە و کۆتایى نەهاتووە و سەرۆک کۆماری تورکیاش ڕایگەیاندبوو، کە بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکانیان تا "کۆتا تیرۆریست" ناوچەکە جێدەهێڵێت، وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی هەسەدە.