سەردێڕ:

کۆمسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق: لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژراون

فۆتۆ: 
2019-11-09

1036 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق، دواین ئامارى کوژرا و بریندارى خۆپیشاندانەکانى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژراون و ١٥ هەزار کەسیش برینداربوون.

عەلى ئەکرەم وتەبێژى کۆمسیۆنى مافى مرۆڤی عێراق رایگەیاند، دواین ئامارى کوژراوەکان گەیشتووەتە ٣٠١ کەس، بەو دوو کەسەى دوێنێ هەینى، لە شارى بەسرە لە روبەڕوبوونەوەى هێزە ئەمنییەکاندا کوژراون.

باسى لەوەشکردووە، لە خۆپیشاندانەکانى رۆژى هەینى شارى بەسرەدا ١٠٠ کەس بە گوللە و گازى فرمێسکرێژى هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

لە سەرەتاى مانگى رابردووەوە دژى گەندەڵى و نەبوونى هەلى کار، خۆپیشاندانى فراوان لە شارى بەغدا و شارەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق دەستیپێکرد، کە دواتر داواکارییەکانى خۆپیشاندەران گۆڕا بۆ دەستلەکارکێشانەوەى هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى عێڕاق و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى نوێ لەژێر چاودێرى نەتەوەیەکگرتووەکان.