سەردێڕ:

عەبدولمەهدی: گۆڕانکارى لە کابینەى حکومەتدا دەکەین

فۆتۆ: 
2019-11-09

3000 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، کابینەى وەزارى حکومەت هەمواردەکەنەوە بە جۆرێک لە ئاستى داخوازییەکانى خۆپیشاندەراندا بێت.

عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق بەیاننامەیەکى حەوت خاڵى بڵاوکردەوە و تێیدا بەڵێنیدا هەموارى کابینەى وەزارى بکات بە جۆرێک گۆرانکارییەکان گشتى یان بەشێکى وەزارەتەکان بگرێتەوە بەدوور لە پشک پشکێنەى سیاسى و حزبى.

راشیگەیاند، بریارى چاکسازیی نوێ دەردەکات کە کەمکردنەوەى موچەى پلە باڵاکان بۆ نیوە وهەروەها هەموارکردنەوەى موچەى تویژە جیاوازەکان و جێبەجێکردنى سیستمى قەرەبووکردنەوەى کۆمەڵایەتى بۆ ئەو کەسانەى کە لە ژێر هێڵى هەژارییەوەن.

یەکێکى تر لە خاڵەکانى بەیاننامەکە، چەسپاندنى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و چارەسەرکردنى پرسى نەهێشتنى بێکارى و دابەشکردنى پارچە زەوى و باشکردنى خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنى پڕۆژەکان لە کەرتە جیاوازەکاندا و بە شێوەیەک بێت لەچەند ساڵى داهاتوودا ڕێژەى هەژارى لە وڵاتدا نەمێنێت.

لە خاڵێکى تردا باسى لەوەکردووە، چەند هەنگاوێکى چاکسازیکردن دەگرێتەبەر لە سیستمى هەڵبژاردن و روبەروبوونەوەى گەندەڵى و دەستگیرکردنى ئەوانەى لەسەر موڵک و ماڵى گشتى سەروەت و سامانەکانیان کۆکردووەتەوە و روبەروى دادگاىان دەکەنەوە.

ئاماژەش بۆ ئەوە کراوە، هێڵى ئینتەرنێت لە پێناو پاراستنى سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان و ڕێگریکردن لە پەیوەندى نێوان '' ئاژاوەگێڕان'' بڕاوە و لەکاتى هێوربونەوەى بارودۆخەکەشدا ئەو هێڵانە دەخرێنەوە خزمەتى هاوڵاتییان.

باسی لەوەشکردووە، "لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکەین کە بوونەتە هۆکارى کوشتن و بریندارکردنى خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم دەستگیرکراوانیش ئازاد دەکرێت جگە لەو کەسانەى تۆمەتبارن و دەستیان هەبووە لە تاواندا روبەروى دادگا دەکرێنەوە".

بەیاننامەکە هۆشداری داوەتە هاوڵاتییان پابەندى ڕینماییەکانى هێزە ئەمنییەکان بن چونکە سەرپێچیکردنى ڕێنماییەکانى وەک قەدەغەى هاتوچۆ سزاکەى زیندانیکردنە.