سەردێڕ:

کۆمەڵێک پارێزەر پاڵپشتیی خۆیان بۆ دادوەرە مانگرتووەکانی گەرمیان راگەیاند

فۆتۆ: 
2019-11-09

1852 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە پارێزەرانی هەولێر و بادینان ڕایدەگەیەنن، داواکارن ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم لەبری سزادانى دادوەرە مانگرتووەکان بەدواداچوونی جدی بکات بۆ کێشەکان و چارەسەری گونجاویشیان بۆ بدۆزێتەوە.

کۆمەڵێک پارێزەر لە هەولێر و بادینان لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنن، پاڵپشتیی خۆیان بۆ دادوەرە مانگرتووەکانى سنورى گەرمیان دووپاتدەکەنەوە و سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری و لەیەک جیاکردنەوەی ھەر سێ دەسەڵاتەکە بە بنەمای بنیاتنانی دەوڵەتی مۆدێرن و پێشکەوتنی دیموکراسی لە جیھان دەزانن.

ڕاشیانگەیاند، داواکارین ئەنجومەنی دادوەری لەبری سزادان بەدواداچوونی جدی بکات بۆ کێشەکە و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە، چونکە لە کوردستان خەریکە سەربەخۆبوونی دادگاکان بەرەو مەترسی دەڕوات.

ئاماژە بەوەش دەکەن، پشتگیریی خۆیان دووپاتدەکەنەوە بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و بەهێزکردنی ڕۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پشتیوانی لە دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر ئەنجومەنی دادوەری لە روونکردنەوەیەکدا باسی لەوە کردبوو، ئەو دادوەر و داواکارە گشتییانەی گەرمیان تۆمەتی نەشیاویان خستوەتە پاڵ سەرۆکی دادگای تێھەڵچوونەوەی دادگای کەرکوک - گەرمیان، بۆیەش بڕیاردراوە سکاڵاکەیان رەتبکرێتەوە و ئەو دادوەرانە رەوانەی لیژنەی کاروباری دادوەران بکرێن لەسەر ئەو تۆمەتەی خستوویانەتە پاڵ سەرۆکی دادگای تێھەڵچوونەوە.