سەردێڕ:

عەبدولمەهدى: ئەوانەى کارى تێکدەرانە دەکەن سزادەدرێن

دۆخی عێراق
فۆتۆ: 
2019-11-09

1554 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، ئەو کەسانەى کارى ''تێکدەرانە'' دەکەن لەنێو خۆپیشاندانەکاندا سزاى قورس دەدرێن کە ڕەنگە بگاتە زیندانیکردنى هەتاهەتایى.

تەلەفزیۆنى ئەلعراقییە کە زمانحاڵى حکومەتى عێراقە، بەیاننامەیەکى نوسینگەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى بڵاوکردەوە، تیایدا هەڕەشەى زیندانیکردنى هەتاهەتایى لەو کەسانە دەکات کە بەیاننامەکە بە ''تێکدەر'' ناوى بردون.

لە بەیاننامەکەشدا هاتووە ''لەگەڵ خۆپیشاندانەکاندا هاوکات چەند کردەوەیەکى تاوانکارى و تیرۆریستى بۆ شکاندنى شکۆى دەوڵەت و بەئامانجگرتنى ئەمن و ئاسایشى نیشتمانى بەئاشکرا ئەنجامدراوە''.

ئەوەشخراوەتە ڕوو ''ئەو کردەوە تاوانکارییانە ناچێتە چوارچێوەى خۆپیشاندانەوە وەک سیمایەکى دیموکراسى و مەدەنى سەردەمییانە، بۆیە دەبێت ئەو کەسانە بەتوندى سزابدرێن و ڕەنگە سزاکەیان بگاتە زیندانیکردنى هەتاهەتایى''. نوسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بەڵێنى ئەوەشیداوە هەموارێک لە کابینەى وەزارى حکومەتدا بکات بە جۆرێک لەئاستى داخوازییەکانى خۆپیشاندەراندا بێت، ئاماژەش بۆ ئەوە کراوە هێڵى ئینتەرنێت لە پێناو پاراستنى سەلامەتى گیانى هاوڵاتیان و ڕێگریکردن لە پەیوەندى نێوان '' ئاژاوەگێڕان''بڕاوە و، لەکاتى هێوربونەوەى بارودۆخەکەدا ئەو هێڵانە دەخرێنەوە خزمەتى هاوڵاتیان.

بەیاننامەکە هۆشداری داوەتە هاوڵاتیان پابەندى ڕینماییەکانى هێزە ئەمنییەکان بن و چونکە سەرپێچیکردنى ڕێنماییەکانى وەک قەدەغەى هاتوچۆ سزاکەى زیندانیکردنە.