سەردێڕ:

وەزارەتى بەرگرى عێراق: ١٧ موشەک ئاراستەى بنکەیەکى سەربازى ئەمریکا کراوە

لە موسڵ
فۆتۆ: 
2019-11-08

12619 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى بەرگرى عێراق ڕایگەیاند، ١٧ موشەک ئاراستەى بنکەى سەربازى گەیارە لە موسڵ كراوە.

باسى لەوەشکرد، موشەکەکان لە نزیک بنکە سەربازییەکە کەوتۆتەوە و زیانى گیانى نەبوووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزە ئەمنییەكان دەستیانكردووە بە لێکۆڵینەوە دەربارەى هێرشەکەو دۆزینەوەی ئەوانەى  مووشەكەکانیان ئاڕاستەی ئەو بنكە سەربازییە كردووە.

هاوکات شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، ئەمشەو بنکەی سەربازیی گەیارەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بە ١٧ مووشەک بۆردومان کراوە.

لیوا روکن نۆمان زوبێعی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا بە سۆمەرییەنیوزی رایگەیاند، "دەستبەجێ وەڵامی چەکدارەکان دراوەتەوە، و ئۆتۆمبێلێک تێکشکێندراوە و سێ چەکدار کوژراون و، سێ مووشەکیش لە شوێنی رووداوەکە دۆزراوەتەوە ".

ئاماژەى بەوەشکرد "دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا گیراوە کە سەکۆیەکی مووشەکی تێداهەڵگیراوە و لە نزیک ئەو بنکە سەربازییە جێگیرکراوە".

گەیارە شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای نەینەوایە و دەکەوێتە باشوری شاری موسڵ، بنکەی سەربازیی ئاسمانیی تێدایە کە هێزەکانی عێراق و هێزی ئەمریکی تێیدا جێگیرن.

لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٦ دا ئەمریکا ٥٦٠ سەربازى لەو بنکەیە جێگر کرد بۆ پاڵپشتیکردنى هێزە عێراقییەکان لە کۆنترۆڵکردنەوەى شارى موسڵ.