سەردێڕ:

پۆلیسى ڕانیە: منداڵێك کەوتە ژێر ئۆتۆمبێلى باوکی و گیانیلەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-11-08

1783 جار خوێندراوەتەوە

ديجيتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، رانیە، ئەیوب عەلى

پۆلیسى ڕانیە رایگەیاند، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە گەڕەکی کێوەڕەش منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان بەهۆی کەوتنە ژێر ئۆتۆمبێلی باوکییەوە گیانیلەدەستدا.

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ منداڵێک کە تەمەنی سێ ساڵ بووە بە ناوی (ب، ٲ) لە ڕەگەزی  نێر، کەوتووەتە ژێر ئۆتۆمبێلى باوکییەوە و گیانیلەدەستداوە.

وتیشی، ڕووداوەکە لەکاتێکدا بووە کە باوکی منداڵەکە ویستوویەتی ئۆتۆمبێلەکەی لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە پارك بکات، بەهۆی بێ ئاگایی شۆفێرەکە منداڵەکەى خۆى دەشێلێت و، بەو هۆیەوە گیانیلەدەستدا.

شۆڕش ئیسماعیل روونیکردەوە، بە بڕیاری دادوەر شۆفێرەکە، کە باوکی منداڵەکەیە، بە کەفالەتی دارایی و بە بڕی پێنج ملێۆن دینار ئازادکراوە و، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە و تەرمی منداڵەکەش لە پزیشکی دادی ڕانیە توێکاری بۆ کرا و ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە، هەروەها مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە بەپێی مادەی ۲٤ لە یاسای هاتوچۆ.

بەپێی ئامارەکان، ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیانلەدەستدانی هاوڵاتییان دادەنرێن لە هەرێم و لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی دە هەزار کەس گیانیانلەدەدستداوە و سەد هەزار کەسیش برینداربوون.