سەردێڕ:

عێراق.. لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا چوار کەس کوژران

فۆتۆ: 
2019-11-08

1533 جار خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندان لە شارەکانی  بەغدا و کەربەلا و بەسرە بەردەوامە و بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکانیش چوار کەس کوژراون. 
پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، خۆپیشاندەران لە بەغدا و چەند شارێکی تر بەردەوامن لەسەر خۆپیشاندانەکانیان دژی گەندەڵی و نەبوونی ھەلی کار و، ھێزە ئەمنییەکانیش چادری خۆپیشاندەرانیان لە بەسرە و بەغدا سوتاندووە.
وتیشی، بەھۆی رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان چوار خۆپیشاندەر کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات مەھدی کەربەلایی نوێنەری عەلی سیستانی ئەمڕۆ ‌لە وتاری نوێژی ھەینیدا ڕایگەیاند، ‌عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بە ‌ڕەوا دەزانێت و، داوای لە بەرپرسانی عێراق کردووە کە گوێ لە خەڵک بگرن و بە تەقە رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکان نەبنەوە، چونکە خۆپیشاندانەکان فراوان و گەورەتر دەبن.
بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا لە بەغدا و کەربەلا و بەسرە ٢٣ کەس کوژراون و زیاتر لە ھەزار کەسیش برینداربوون.