سەردێڕ:

دادوەران و داواکارانی گشتیی مانگرتوو: بەردەوام دەبیین لە مانگرتنمان

فۆتۆ: 
2019-11-08

3223 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک لە دادوەران و داواکارانی گشتیی مانگرتووی گەرمیان، لە پێنج خاڵدا وەڵامی ئەنجومەنی دادوەری دەدەنەوە و رایدەگەیەنن کە بەردەوام دەبن لە مانگرتن.

لە خاڵی یەکەمی وەڵامەکەدا ھاتووە، ئاکاری پیشەییان ڕێیان پێ نادات ھەموو بەڵگەو دیکیومێنتەکان ئاشکرا بکەن، ھەر بۆیە داوایان کردوە لیژنەیەک لەپەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران ودادگای پێداچوونەوە لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکەیان بکات.
ئەو دادوەر و داواکارە گشتییە مانگرتوانە لە خاڵێکی تری وەڵامەکەیان رایانگەیاندووە، یەکەم جارە کۆمەڵێک دادوەر وداواکاری گشتی بێ دەنگی بشکێنن وە سکاڵا دژی کەسی یەکەم تۆماربکەن بۆیە تۆمەتی تەکەتول بازیان بۆداتاشرا تاوەکوو دەنگیان کپ بکرێتەوە.
لە خاڵێکی تری وەڵامەکەدا ھاتووە، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کەواقیعی کوردستان ھێشتا ھەژموونی حیزبی زاڵەو بۆ زۆریک لە بابەتە ھەستیارەکان دەبێ حیزب یەکلایی بکاتەوە، ھەر بۆیە ئەنجوومەنی دادوەری ئێمەی ئاڕاستە کرد سەردانی حیزب بکەین. چونکە ئەم حەقیقەتەی دەزانی.
لە کۆتاییشدا ئەو دادوەر و داواکارە گشتییە مانگرتوانە رایانگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەیان کە مافێکی رەوای خۆیانە.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ئەنجومەنی دادوەری لە رونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردبوو، ئەو دادوەر و داواکارە گشتیانەی گەرمیان تۆمەتی نەشیاویان خستوەتە پاڵ سەرۆکی دادگای تێھەڵچوونەوەی دادگای کەرکوک-گەرمیان بۆیەش بڕیاردراوە سکاڵاکەیان رەتبکرێتەوە و ئەو دادوەرانە رەوانەی لیژنەی کاروباری دادوەران بکرێن لەسەر ئەو تۆمەتەی خستویانەتە پاڵ سەرۆکی دادگای تێھەڵچوونەوە.  
ئەوەش دەقى بەیانامەکەیانە:

وەڵامێک بۆ ڕای گشتی لەسەر وەڵامی ئەنجومەنی دادوەری 
١_ ئاکاری پیشەییمان ڕێمان پێ نادات ھەموو بەڵگەو دیکیومێنتەکان ئاشکرا بکەین، ھەر بۆیە داوامان کردوە لیژنەیەک لەپەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران ودادگای پێداچوونەوە لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکەمان ئەنجام  بدات.
٢_ ئێمە لەووشەی خراپ و نەشیاو تێنەگەیشتین کەداومانەتە پاڵ سەرۆکی دادگای تێھەڵچوونەوەی گەرمیان بەڵام دیارە مەبەستیان گەندەڵیە، وەنەمانتوانی بیسەلمێنیین، ئێ باشە شایەتی ١٣ دادوەر و داواکاری گشتی کافی نەبوو؟ کەلەنزیکەوە شاھێدی بەرچاویان ھەیە، باشە ئێمە نەمانتوانی بیسەلمێنیین خۆ لەدادگای نەزاھەی سلێمانی وگەرمیان دەعوا ھەیە، بۆ ھەشت مانگە لە چەکمەچەکانە؟
٣_ بابەتی تەکەتول بازی پەیوەندی بە بابەتی سەرەوە ھەیە کە یەکەم جارە کۆمەڵێک دادوەر وداواکاری گشتی بێ دەنگی بشکێنن وە سکاڵا دژی کەسی یەکەم تۆماربکەن بۆیە تۆمەتی تەکەتول بازیان بۆداتاشرا تاوەکوو دەنگیان کپ بکرێتەوە.
٤_ دادوەرو داواکاری گشتی لەڕووی ئینتیمای حیزبیەوە سەربەخۆن و سەر بەھیچ لایەنێکی سیاسی نیین، ئیتر ئەگەر سەردانی چەند بەرپرسێکی حیزبی وحکوومی زۆنی سەوز کرابێ بۆ مەبەستی چارەسەری گرفتەکان بووە وە لەسەر پێشنیاری بەڕێز ئەنجومەنی دادوەری بووە کە چارەسەری ئەم کێشانە لای حیزبێکی دەسەڵاتە چونکە ئەو کەسە لە سنوری دەسەڵاتی ئەوانە. ئیتر ئەگەر ئێمە جارێک یان دوو جار سەردانمان کردبێ ئەوا بەڕێز سەرۆکی دادگای گەرمیان دەیان جار سەردانی کردووە بۆچی بۆئێمە تاوان بێ و بۆ ئەو ماف و ئاسایی بێ؟ بۆچی ئەویشتان ھەواڵەی لێژنە نەکرد وەکوو ئێمە، ئەمە چ دادپەروەریەکە؟!
٥_ کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کەواقیعی کوردستان ھێشتا ھەژموونی حیزبی زاڵەو بۆ زۆریک لە بابەتە ھەستیارەکان دەبێ حیزب یەکلایی بکاتەوە، ھەر بۆیە بەڕێز ئەنجوومەنی دادوەری ئێمەی ئاڕاستە کرد سەردانی حیزب بکەین. چونکە ئەم حەقیقەتەی دەزانی.
بۆیە مەخابن لەیەکەم ئەزموون کە لەھەرێم ڕوو دەدات کە چەند دادوەرێک سکاڵا لەسەرۆکەکەیان بکەن دەرنەچوون، دەبوو دادگەریتان لا خۆشەویست تر بوایە لە ئەندامێکی ئە نجوومەنەکەتان کە سەرۆکی دادگای گەرمیانە. 
بۆیە تاوەکوو داواکانمان لەناردنی لێژنە یەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەن و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گواستنەوەی ھەندێک لە ئێمە کەئاماژەتان پێ نەکردووە چونکە دەزانن نایاساییە وە دەبوو لێژنەی کاروباری دادوەری دوای سەلماندنی تۆمەتەکان سزای دەرکردایە وە ھەواڵە کردنیشمان بۆ لێژنەی کارووباری دادوەران وداواکارانی گشتی کەپێشنیارتان کردووە بۆ وەزارەتی داد وسەرۆکایەتی داواکاری گشتی بەنایاسایی دەزانیین وتانەی یاسایی لێ دەدەین. بەردەوام ئەبیین لە مانگرتنمان کە مافێکی مەدەنیانەی خۆمانە.
دادوەرو داواکارانی گشتی مانگرتوو
٢٠١٩/١١/٨