سەردێڕ:

ستراتفۆر پێشبینییەکانی لەبارەی کەرتی بەرگری تورکیا دەخاتەڕوو

فۆتۆ: 
2019-11-08

3918 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی هەواڵگری ستراتفۆر پێشبینی دەکات زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوا، زیان بە کەرتی بەرگری تورکیا بگەیەنێت بەڵام نەبێتە هۆی پەکخستنی.

ئەو ناوەندە نوسیویەتی، بەهۆی ئۆپراسیۆنی تورکیا دژ بە شەڕڤانان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، لە ئێستادا پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و بەشێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ لە خراپترین ئاستیدایە، ژمارەیەک زۆر لە وڵاتان لە نێویاندا "فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و سوید" هەناردەی چەکیان بۆ تورکیا ڕاگرتووە، پێدەچێت ئەمریکاش (کە تورکیا لەسەدا ٦٠ی چەکەکانی لەو وڵاتە دەکڕێت) فرۆشتنی چەک بەو وڵاتە ڕابگرێت، کە ئەمانە دەبنە زەبرێکی کوشندە بۆ کەرتی بەرگری لە تورکیا.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی ناوەندەکە، تورکیا دەتوانێت  بەو بەربەستە قورسانەدا تێپەڕببێت و جێگرەوە بۆ هەناردەکارانی چەک بدۆزێتەوە، وەک وڵاتانی کۆریای باشوور"ئۆکرانیا، بێلاروس، پاکستان، چین و روسیا" کە لە ئێستادا پەیوەندییە بەرگرییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بەهێزکردووە.

ستراتفۆر پێشبینی ئەوەشی کردووە، تورکیا لەداهاتوودا بۆ بەرهەمهێنانی چەک زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت، لەکاتێکدا کە کەرتی بەرگری تورکیا ژمارەیەک لقی کۆمپانیا رۆژئاواییەکان لە تورکیا بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی سەربازی تورکی، ئاماژەش بەوەکراوە، تورکیا بانگەشەی ئەوەدەکات کە ئێستا لەتوانایدایە % ٧٠ی کەرەستەی سەربازی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دابینبکات، کە ئەمڕێژەیە بەراورد بە ١٥ ساڵ لەمەوبەر % ٢٠ زیاترە.

کۆمپانیای ستراتفۆر ناوەندێکی جیۆپۆلێتیکیی هەواڵگرییە و یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و ئەمنی لە ئەمریکا.

‌بەپەلە