سەردێڕ:

چین نەوەی شەشەمی تۆڕی پەیوەندییەکان پەرەپێدەدات

فۆتۆ: 
2019-11-08

3029 جار خوێندراوەتەوە

 چین بە شێوەیەکی فەرمی کارکردنی بۆ پرۆژەی نەوەی شەشەمی تۆڕی پەیوەندییەکان ناسراو بە (سیکس جی) ڕاگەیاند، کە ئەمەش پاش ماوەیەکی کەم دێت لە بەکارخستنی نەوەی پێنجەم.

 بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "سکای نیوز" کە ئەمڕۆ هەینی ٨ی تشرینی دووەم بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی زانست و تەکنەلۆجیای چین ڕایگەیاندووە، بە شێوەیەکی فەرمی کارەکانیان دەست پێکردووە لە ڕێگەی گرووپەکانەوە، بۆ توێژینەوەکان و گەشەپێدانی نەوەی شەشەمی تۆڕی پەیوەندییەکان کە ناسراوە بە (سیکس جی).

یەکێک لە گرووپەکانی بەشدار لە پرۆژەکە حکومییە و بەرپرسە لە دۆزینەوەی ڕێگاکانی پەرەسەندنی نەوەی شەشەم، هەروەها گروپێکی دیکەش پێکدێت لە ٣٧ شارەزای سەر بە زانکۆ و پەیمانگا زانستییەکان، کە کار لەسەر لایەنی تەکنیکی کارکردنی نەوەی شەشەم دەکەن.

ئەمەش پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەمە بەسەر بەکارخستنی نەوەی پێنجەم، کە هێشتا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەکارنەهێندراوە و هێشتا نەوەی چوارەم بەکاردەهێنن.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو سێ کۆمپانیای چینی بۆ پەیوەندییەکان بەکارخستنی خزمەتگوزاری نەوەی پێنجەمییان ڕاگەیاند.

خزمەتگوزاری نەوەی پێنجەم تەنها ماوەیەکی کەمە ڕاگەیاندراوە و خێراییەکەی ١٠ بۆ ٢٠ هێندەی نەوەی چوارەمە.