سەردێڕ:

خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن

فۆتۆ: 
2019-11-08

1509 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا، خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی باشوری عێراق بەردەوامییان هەیە و پێکدادانەکانیش کەمبوونەتەوە.

پاش تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ بەسەر خۆپیشاندانەکانی دووەمی عێراقدا، ئەمڕۆ هەینی ٨ی تشرینی دووەم، لە شاری بەغدا و چەند شارێکی دیکەی باشوری عێراق کە پێکدێن لە "کەربەلا، نەجەف، ناسڕیە، حلە، سەماوە، بەسڕە" خۆپیشاندانی هاوڵاتییان بەردەوامن، تا ئێستاش پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا ڕووینەداوە، تەنها خۆپیشاندەران کۆبوونەتەوە و داوا دەکەن خەڵک بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە بەشی رەسافەی شاری بەغدا، هاتوچۆی هاوڵاتییان ئاساییە، چونکە خۆپیشاندەران تەنها لە کاتی دەوامی فەرمیدا ڕێگەی هاتوچۆ دەگرن، هەروەها پێشڕەوییەکان بۆ ناوچەی سەوز وەستاون و خۆپیشاندەران جێگیرن، تەنها ٤ پردی سەرەکی کە دەڕواننە سەر ناوچەی سەوز داخراون لە ڕێگەی دیواری کۆنکرێتی و بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان.

بەردەوامی خۆپیشاندانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە لایەنی سیاسی و ئەمنییەوە ڕێککەوتنێکی گشتگیر هەیە بە تایبەتی لە نێو ماڵی شیعەدا، بۆ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی، چونکە تا ئێستا بەدیلێک دیارینەکراوە.

بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و ئارامی دۆخی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆش لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو لەسەر پردی ئەحرار پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا ڕوویاندا و بە هۆیەوە ٤ کەس کوژران و زیاتر لە ٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون.