سەردێڕ:

بەهۆی یاری ڤیدیۆیی کەسێک گیانی لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-11-08

11040 جار خوێندراوەتەوە

مێردمنداڵێکى تایلەندی پاش ئەوەی بە درێژایی شەو یاری ڤیدیۆیی کردبوو، توشی جەڵتەی مێشک بوو و گیانی لەدەستدا.

بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی، پیاوات هاریکۆن کوڕێکی ١٧ ساڵانی تایلەندی بوو، هۆگری یارییە ڤیدیۆییەکان ببوو، پاش ئەوەی بە درێژایی شەو بەبێ وەستان سەرقاڵی یاری ڤیدیۆیی کوشتن و شەڕکردن بووە، توشی جەڵتەی مێشک بووە و گیانی لەدەستداوە.

پاش ئەوەی باوکی پیاوات دەچێتە ژووری کوڕەکەی، دەبینێت کوڕەکەی لەسەر کورسییەکەی بەربووەتەوە و لەبەردەم کۆمپیوتەرەکەدا لەسەر زەوییەکە کەوتووە، قوتوویەکی خواردنی لە قوتوونراو و خوارنەوەیەکی غازیش لەلای قاچییەوە کەوتووە، پاشان بۆی دەردەکەوێت کوڕەکەی گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسی شارەکە رایگەیاندووە، مردنی پیاوات بە هۆی "جەڵتەی مێشک"ەوە بووە، باوکیشی باسی لەوە کردووە تەنانەت لەو ڕۆژانەشدا کە پێویست بووە بچێت بۆ قوتابخانە بەردەوام سەرقاڵی یارییە ڤیدیۆییەکان بووە.

دایک و باوکی باس لەوە دەکەن چەندین جار هەوڵییان داوە یارمەتی کوڕەکەیان بدەن و هانی بدەن دوور بکەوێتەوە لەو یارییانە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەوەدا، هەر بۆیە دەڵێن "داوا لە دایک وباوکان دەکەین ئاگایان لە منداڵەکانیان بێت و نەهێڵن هۆگری یارییە ڤیدیۆییەکان ببن".