سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تى زانیارى لەسەر ئەو کەسانە بڵاودەکاتەوە کە زیاد لە موچەیەکیان هەیە

دوو موچە وسێ موچەیان هەیە
فۆتۆ: 
2019-11-07

9881 جار خوێندراوەتەوە

به‌گوێره‌ى ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ى ده‌ست ئێن ئاڕ تى كه‌وتووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌ندروستیى هه‌ڵه‌بجه‌ و ژمارەیەک کارمەندى تەندروستیى پارێزگاکە زیاد لە موچەیەکیان هەیە.

له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى ڕابردوودا چه‌ندین جار ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ گه‌نجانى بێكار و ده‌رچووى دانه‌مه‌زراوى سنورى هه‌ڵه‌بجه‌، بە شێوەیەکى زۆر کۆدەبوونەوە له‌به‌رده‌م بیناى فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان، چونکە هه‌واڵى هه‌لى كار له ‌شاره‌كه‌دا بڵاوده‌كرایه‌وه‌، ئه‌مانیش به‌دواى هیوایه‌كدا دەچن تا هیچ نه‌بێت موچه‌یه‌كى كه‌میش بێت له ‌ڕێگه‌ى كاركردنه‌وه‌ ده‌ستیانبكه‌وێت و پێى بژین.

با بزانین له‌پاڵ بێكارى و عه‌وداڵی و گه‌ڕان به‌دواى كار له‌لایه‌ن ئه‌م گه‌نجانه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانبه‌ر و به‌رپرسانى كه‌رتى ته‌ندروستى، كه‌ زۆرینه‌یان سه‌ربه‌ حیزبى ده‌سه‌ڵاتدارن، له‌م شاره‌ چه‌ند موچه‌یان هه‌یه‌ و چۆنیش كار ده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ى ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ى ده‌ست ئێن ئاڕ تى كه‌وتووه‌، خودى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌ندروستیى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ چوار جێگاوه‌ موچه‌ و پاره‌ وه‌رده‌گرێت، چونكه‌ له ‌یه‌ك كاتدا هه‌م به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌ندروستییه‌ و لە هەمانکاتیشدا به‌ڕێوه‌به‌رى نۆرینگه‌ پزیشكییه‌ میللی و ڕاوێژكارییه‌كانه‌ و پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى لقى هه‌ڵه‌بجه‌ى ده‌زگایه‌كى ناحكومیشى هه‌یه‌ و موچه‌ش له‌وان وه‌رده‌گرێت، جگه ‌له‌مانه‌ش هه‌ر هه‌مان به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌شێك له‌ داهاتى ئه‌و نه‌شته‌رگه‌ریانه‌ وه‌رده‌گرێت، كه ‌له‌ نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان و له ‌ده‌وامى ئێواران بۆ نه‌خۆشه‌كان ئه‌نجامده‌درێت و پاره‌كه‌ش له‌ نه‌خۆش وه‌رده‌گیرێت.

هه‌ر به‌پێى به‌ڵگه‌نامه‌كان و به‌دواداچوونێكى ڕێكخراوى هه‌ڵوێست، ده‌ركه‌وتووه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرس و فه‌رمانبه‌رى كه‌رتى ته‌ندروستیى هه‌ڵه‌بجه‌ سێ موچه‌ وه‌رده‌گرن، به ‌جۆرێك، به‌پێى ئه‌م نوسراوه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كه‌، ١٩ كارمه‌ند و به‌رپرسى كه‌رته‌كه‌، ته‌نسیب كراون بۆ پشكنینى خۆراك له‌ مه‌رزى پشته‌ى ناحیه‌ى به‌مۆ كه‌ له‌نێویاندا برینپێچ هه‌یه‌، به‌ حساب هه‌ریه‌كه‌شیان ٣٠ ڕۆژ ده‌وامیان كردووه‌ و پاره‌یان پێدراوه‌، كه‌چى له‌ هه‌مان كاتدا له‌گه‌ڵ ده‌وامى مه‌رزى پشته‌، له‌ جێگاكه‌ى پێشووى خۆشیان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌وامیان كردووه‌ و موچه‌شیان پێدراوه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ هه‌ر به‌شێك له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ له‌ كلینیكى ڕاوێژكاریى ئێوارانیش به ‌حساب ده‌وام ده‌كه‌ن و موچه‌ وه‌رده‌گرن.

لەبارەی خستنه‌ڕووى ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ و به‌دواداچوونانه‌شەوە، "ئێن ئاڕ تى" چه‌ندجارێك په‌یوه‌ندیى به‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌ندروستیى هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ كرد، تا بزانین ئه‌وان چى ده‌ڵێن له‌سه‌ر شێوازى ده‌وام كردنى ئه‌و كارمه‌ندانه‌ و چۆنیه‌تى وه‌رگرتنى ئه‌و سێ موچه‌ییه‌ له‌لایه‌ن خۆى و ئه‌و ژماره‌ كارمه‌ند و به‌رپرسانه‌ى ته‌ندروستى، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو هیچ قسه‌یه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ بكات.