سەردێڕ:

شارەوانیی سلێمانی: هاوڵاتییان بۆ قیرتاوکردنی کۆڵانەکانیان پێویستە واژوو کۆبکەنەوە

فۆتۆ: 
2019-11-07

3611 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت کۆڵان و شەقامەکانیان قیرتاو بکرێت، پێویستە داواکارییەک پێشکەشبکەن و واژوو کۆبکەنەوە.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بەشی ئامێرەکان، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، بڵاویکردەوە، "ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت شەقام و کۆڵانەکانیان قیرتاو بکرێت، پێویستە داواکارییەک پێشکەشی شارەوانیی سلێمانی بکەن."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە داواکارییەکە هاوپێچ بێت لەگەڵ واژووی سەرجەم دانیشتووانی ئەو شەقام و کۆڵانانە."

ئەوەشیان ڕاگەیاندووە، "پاش داواکارییەکە، شارەوانی کەشفی شوێنەکە دەکات و ئەگەر پێویستیکرد، دەیخەنە بەرنامەی کارەکانیانەوە."