سەردێڕ:

ژمارەیەک پارێزەر داواى راگرتنى لیژنەى هەموارکردنەوەی دەستور دەکەن

فۆتۆ: 
2019-11-07

2624 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەیەک پارێزەری سلێمانی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنن "ئێستا کاتی گۆڕانکاری لە دەستوری عێراقدا نییە و پێویستە ئەو لیژنەیەی بۆ هەموارکردنەوەی دەستور دروستکراوە کارەکانی ڕابگیرێت".

لە بەیاننامەیەکدا کۆمەڵێک پارێزەری سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٧ى تشرینى دووەمى ٢٠١٩، بە پشتبەستن بە دوو خاڵ داوای ڕاگرتنی کارەکانی لیژنەی تایبەتمەند بە هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق دەکەن و دەڵێن " ئێمە ئەرکی سەر شانمانە وەک پارێزەران ڕوونکردەوەیەک بۆ ڕای گشتی عێراقی بڵاوبکەینەوە، بە پشتبەستن بە بڕگەی یەکەمی ماددەی ١٤٢ لە دەستوری کۆماری عێراق".

سمکۆ ئەسعەد، یەکێک لە پارێزەرەکان بەدیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ژمارەیان ٢٠ پارێزەرە، وتیشی "خۆم سکاڵام لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمارکردووە و داواکارییەکانی بەیاننامەکەم گەیاندووە".

لە خاڵی یەکەمى بەیاننامەکەدا باس لەوە دەکەن "وەک ئەوەی دەیبینین ئەو لیژنەیەی ئێستا کە بە بڕیاری دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان پێکهێنراوە لە ٢٨ی تشرینی یەکەمدا، لە بارودۆخێکی ناهەمواردا بووە، کە ئەوەش ئەو بارودۆخە نییە کە دەستوری تیادا دانراوە"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەستوور لە بارودۆخێکی جێگیر و ئاساییدا دانراوە.

لە خاڵی دووەمی بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەندامانی لیژنەکە نوێنەرایەتی تەنها یەک پێکهاتەی حکومەت دەکەن، ئەویش لایەنێکى سیاسییە، هەر یەکە لە پێکهاتەکانی دیکەی وەک ڕۆشنبیری، ئابوری، زانستی و کۆمەڵێ خەڵکی مەدەنی فەرامۆشکراون".

روونیشیکردووەتەوە، "ئەمە پێچەوانەی خاڵەکانی ناو دەستورەکە خۆیەتی، کە دەڵێت دەستور بڕیار دەدات بە دەستبەکاربوونی لیژنەی پەیوەندیدار بە گۆڕانکاری لە دەستوردا لە سەرەتای خولی پەرلەماندا، هەروەها پێکهاتەکانی لیژنەکە دەبێت نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی کۆمەڵی عێراقی بکەن".

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە بڕیاری دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق، لە ٢٨ی تشرینی یەکەمدا، لیژنەیەک تایبەت بە هەموارکردنەوەی دەستور پێکهێنرا، کە لە ١٨ ئەندام پێکهاتبوون و کوردیش بەشدار بوو تیایدا.