سەردێڕ:

ئەنجومەنی دادوەریی: دادوەرە مانگرتووەکان تەکەتولیان لە دژی سەرۆکی دادگای گەرمیان کردووە

باڵەخانەی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: گووگڵ
2019-11-07

2900 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر مانگرتنى دادوەرەکانی گەرمیان بڵاوکردەوە  و ڕایگەیاندووە، ئەو دادوەرانە تەکەتولیان لە دژى سه‌رۆكی دادگای گەرمیان کردووە و سەبارەت بە حاکم ڕزگاریش دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی پابەند نەبووە بە کاتی دەوامکردنەوە، ئاگادارکردنەوەى بۆ دەرکراوە".

ئەمرۆ، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی دادوەرە مانگرتووەکانی گەرمیانی دایەوە و راشیگەیاند "ئه‌و مانگرتنه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هیچ بابه‌تێكی تایبه‌ته‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو ته‌نیا له‌سه‌ر ئەو یاداشتنامه‌یەیە ‌كه‌ چه‌ند دادوه‌رێك پێشكه‌شیان كردبوو به‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و تۆمه‌تی خراپ و ناشیاو خرابوونه‌ پاڵ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركوك-گه‌رمیان (ئەکرەم فەرەج ئەمین) و له‌ ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وت ئه‌و تۆمه‌تانه‌ هیچ بنه‌مایه‌كیان نیه ‌و پێیان نه‌سه‌لمێنرا".

هاوکات ئەوەش هاتووە، "بڕیارماندا بە ڕە‌تكردنه‌وەی سكاڵای چه‌ند دادوه‌رێك دژ به‌ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركوك-گه‌رمیان چونكه‌ ده‌ركه‌وت هیچ بنه‌مایه‌كی یاساییان نییه، ‌و هه‌روه‌ها، ره‌وانه‌كردنی ئه‌و چه‌ند دادوه‌ره‌ بۆ لیژنه‌ی كاروباری دادوه‌ران له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ خستبویانه‌ پاڵی".

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لەسەر سزادانی حاکم ڕزگار ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە، "ئه‌و لێدوانانه‌ دوورن له‌ راستیه‌وه‌، و تەنها ئه‌و به‌ڕێزه‌ ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پابه‌ند بێت به‌ ده‌وامی فه‌رمی خۆی، چونكه‌ هه‌موو رۆژێك كاتژمێر ٩:٣٠ ئاماده‌ ده‌بێت بۆ ده‌وام و كه‌مته‌رخه‌می له‌ راپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانی له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ئاماده‌ نابێت له‌ به‌شداری كردن له‌ تاوتوێكردنی كێشه‌ و داواكان له‌ هه‌ردوو ده‌سته‌ی سزایی و شارستانی".

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کارمەندانی فەرمانگەی داواکاری گشتی گەرمیان بەهۆی ناڕەزاییان لە شێوازی مامەڵەکردنی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم، مانگرتنیان ڕاگەیاند.

ئەوەى خواروەش دەقى رونکردنەوەکەیە:

وەڵامێک لە ئەنجومەنی دادوەرییەوە سەبارەت بە کێشەی ژمارەیەک دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی لە گەرمیان

ماوەی چەند رۆژێکە ھەواڵی مانگرتنی ژمارەیەک لە دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی بەڕێز لە دادگای ناوچەی گەرمیان بڵاو بۆتەوە. ئێمە وەک ئەنجومەنی دادوەری بە پێویستمان زانی ئەو روونکردنەوەیە بۆ رای گشتی بڵاو بکەینەوە.
ژمارەیەک لە دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی بەڕێز لە سەرۆکایەتی دادگای تێھەلچوونەوەی کەرکوک-گەرمیان چەند رۆژێکە مانیان گرتووە گوایە سەبارەت بە چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆکایەتی دادگای کەرکوک-گەرمیان.
ئێمە لێرەدا رادەگەیەنین کە ئەو مانگرتنە، پەیوەندی بە ھیچ بابەتێکی تایبەتەوە نیە، بەڵکو تەنیا لەسەر ئەو یاداشتنامەیەیە کە چەند دادوەرێک لە گەرمیان پێشکەشیان کردبوو بە ئەنجومەنی دادوەری و لەبەر ئەوەش ئەنجومەنی دادوەری بە نوسراوی (ژمارە ١/٣/٤٥ نھێنی) لە رێکەوتی ٢٥/٨/٢٠١٩ داوا لە سەرپەرشتیاری دادوەری لە دادگای سلێمانی و گەرمیان کرد کە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکەدا بکات. لە ئەنجامدا سەرپەرشتیاری دادوەری لە سلێمانی و گەرمیان راپۆرتێکی تێرو تەسەلی لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی پێشکەش بە ئەنجومەنی دادوەری کرد بە (نووسراوی ژمارە ١/نھێنی لە٢٦/٩/٢٠١٩) و تێیدا وتەی گشت دادوەرەکان و ئەندامانی داواکاری گشتی و چەند شایەتحاڵێکی دیکە وەرگیران، چونکە تۆمەتی خراپ و ناشیاو خرابوونە پاڵ بەڕێز سەرۆکی دادگای تێھەلچوونەوەی کەرکوک-گەرمیان و لە ئەنجامدا دەرکەوت کە ئەو تۆمەتانە ھیچ بنەمایەکیان نیەو پێیان نەسەلمێنرا. بە پێی راپۆرتی سەرپەرشتیاری دادگاکانی سلێمانی و کەرکوک-گەرمیانیش ئەو ئەنجامانە دەرکەوت:
١- دروستکردنی تەکەتول لە دژی بەڕێز سەرۆکی دادگای تێھەلچوونەوەی ناوچەی کەرکوک گەرمیان و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام پەنایان بردووە بۆ دەزگای حزبی و ئیداری و سەردانکردنیان بۆ مەبەستی لادانی بەڕێز سەرۆکی دادگای تێھەلچونەوە کە بەڕێز دادوەر (ئەکرەم فەرەج ئەمینە). بۆیە ئەنجومەنی دادوەری بە کۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیاری دا بە:
• پەسەندکردنی راپۆرتی سەرەوەی سەرپەرشتیارانی دادوەری دادگاکانی سلێمانی و گەرمیان.
• رەتکردنەوی سکاڵای چەند دادوەرێک دژ بە سەرۆکی دادگای تێھەلچوونەوەی کەرکوک-گەرمیان چونکە دەرکەوت ھیچ بنەمایەکی یاساییان نیەو ھەروەھا رەوانەکردنی ئەو چەند دادوەرە بۆ لیژنەی کاروباری دادوەران لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە خستبۆیانە پاڵ سەرۆکی دادگای تێھەلچوونەوەی کەرکوک گەرمیان بە پێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری.
• داوا کرا لە وەزارەتی داد بەرێگەی بەڕێز سەرۆکی داواکاری گشتی بۆ ناردنی چەند ئەندامێکی داواکاری گشتی بۆ لیژنەی کاروباری ئەندامانی داواکاری گشتی بە پێی یاسای داواکاری گشتی.

ھەروەھا سەبارەت بە چەند لێدوانێک کە لێرەو لەوێ سەبارەت بە سزادانی ئەندامێک لە ئەندامە بەڕێزەکانی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان بڵاو بۆتەوە کە گوایە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە سزا دراوە، لێرەدا رادەگەیەنین کە ئەو لێدوانانە دوورن لە راستیەوەو تەنیا ئەو بەڕێزە ئاگادار کراوەتەوە کە پابەند بێت بە دەوامی فەرمی خۆی، چونکە ھەموو رۆژێک کاتژمێر ٩:٣٠ ئامادە دەبێت بۆ دەوام و ھەروەھا کەمتەر خەمی لە راپەراندنی ئەرکەکانی لە دادگای پێداچوونەوە ھەیە چونکە ئامادە نابێت لە بەشداری کردن لە تاوتوێکردنی کێشەو داواکان لە ھەردوو دەستەی سزای و شارستانی.
بۆیە پێمان سەیرە کە زانیاری نووسراوە نھێنیەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەبنەوە چونکە نووسراوەکە بە نھێنی ئاراستەی دادوەری نێوبراو کراوە.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری ھەرێم