سەردێڕ:

ترەمپ: لەگەڵ ئەردۆغان باسی کۆتاییهێنانم بە دژایەتی کورد کرد

فۆتۆ: 
2019-11-07

8663 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی زۆر باشی لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجامداوە و باسی کۆتاییهێنان بە دژایەتی لەگەڵ کوردەکان کردووە.

سەرۆکی ئەمریکا لە تویتەر بڵاویکردەوە، ئەردۆغان پێی ڕاگەیاندووە، چەندین چەکداری داعشیان دەستگیرکردوە، لەناویشیاندا خوشکێک و هاوسەری ئەبوبەکر بەغدادی هەن، کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە هەڵهاتوون.

ترەمپ ئەوەشی نوسیوە، لەگەڵ ئەردۆغان باسی بارودۆخی سنورەکانی تورکیا و سوریا و لەناوبردنی تیرۆر و کۆتاییهێنان بە دژایەتی لەگەڵ کوردەکان و چەندین بابەتی دیکە کردوە. ئاماژەی بەوەش کردوە، چاوەڕوانە ڕۆژی چوار شەمەی داهاتوو ١٣ی مانگ چاوی بە ئەردۆغان بکەوێت.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، جێمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، لە ھەشت و نۆی ئەم مانگە سەردانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە دەکات و چاوەڕان دەکرێت جگە لە بەرپرسانی تورکیا، چاوی بکەوێت بە بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش.

ئاماژە بەوەش کراوە، جێفری لەگەڵ شاندی یاوەری لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی تورکیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوولا تاوتوێی بابەتەکانی باکوری سوریا و بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکات.