سەردێڕ:

ئەو دادوەرە کوردەی سەدامی دادگایی کرد سزا دەدرێت

فۆتۆ: 
2019-11-06

63970 جار خوێندراوەتەوە

 دادوەر لەتيف مستەفا بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی دادگای تەمیز وئەنجومەنی دادوەری سزای دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین دەدات.

دادوەر لەتيف مستەفا لەپەڕەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردەوە، دادوەر ڕزگار محەمەد ئەمین کە ئەندامی دادگای تەمیزەو یەکێکە لە دادوەرە لێھاتووە پیشەییەکان لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق سزا دراوە.

 ئاماژەى بەوەشکردوە، ماوەیەکە ئەودادوەرە وەک ناڕازی بونێک لە کارەکانی ئەنجومەنی دادوەری، وەک ھەڵوێست وەرگرتنێک بایکۆتی دانیشتنەکانی دەستەی گشتی دادگای تەمیزی کردوەو تەنانەت داوای ئەوەی کردبوو بگوێزرێتەوە بۆ دادگاکانی حکومەتی فیدراڵ.

ئەوەشى خستۆتەڕوو، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو واتە ھەفتەیەک پێش ئێستا سەرۆکایەتی دادگای تەمیزو ئەنجومەنی دادوەری بە نوسراوێکی نھێنی و تایبەت سزای ئاگادار کردنەوەی بۆ دەرکردوە لەسەر ئەو ھەڵوێستى ناڕازیبونەکەى.

لەکۆتاى نوسینەکەشیدا نوسیویەتى "لەوە دەچێ دادوەری باش ئیتر لەکوردستان جێگای نەبێتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ ٥ى تشرینى دووەم، دادوەران و فەرمانبەرانى فەرمانگەى داواکارى گشتیی گەرمیان، بەهۆى "دەستێوەردانى حزبى و کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکانى ئەو ناوچەیەوە لە کاروبارەکانیان" مانگرتنیان ڕاگەیاند.