سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: خامنەئی فەتوای کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراقی داوە

فۆتۆ: 
2019-11-06

8703 جار خوێندراوەتەوە

 پەرلەمانتارێکی عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، خامنەئی لە نامەیەکدا فەتوای کوشتنی خۆپیشاندەرانی داوەتە عادل عەبدولمەهدی.

لە تویتێکدا فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری عێراق نووسیویەتی، "فەتوایەک لە عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە هاتووە بۆ عادل عەبدول مەهدی بە مەبەستی کوشتنی خۆپیشاندەران."

فایەق شێخ عەلی لە تویتەکەیدا باسی لەوە کردووە، "پاش ئەوەی عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەتوایەکی لە عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت، باسی لە پێویستیی کوشتنی خۆپیشاندەران کردووە وەک ئەوەی ئیمامی عەلی چۆن پەیمانشکێنان و خوێنڕێژانی کوشت."

شێخ عەلی نووسیویشیەتی، لە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق دەپرسین، "سزای کوشتنی خۆپیشاندەرانی بێ چەک چییە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان؟"

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ١٣ ڕۆژ بەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراقدا تێپەڕی، کە تیایدا بە سەدان کەس کوژراون و بە هەزاران کەسیش برینداربوون.