سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید تەحەدای حکومەت و بەرپرسانی هەرێم دەکات

شاسوار عەبدولواحید - سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
فۆتۆ: NRT
2019-11-06

12175 جار خوێندراوەتەوە

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە پۆستێکی فەیسبووکدا، تەحەدای حکومەت و بەرپرسانی هەرێم بە هێنانی کۆمپانیایەکی پڕۆفیشناڵی بواری ریسایکلین دەکات.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ نوسیویشییەتی، "ئەگەر ڕێگەمان پێبدەن کۆمپانیایەکی پڕۆفیشناڵی تایبەتمەند بانگهێشتی کوردستان دەکەین خۆڵی ماڵان کۆبکاتەوە و، پرۆژەی ریسایکلین لە شارەکانی هەرێم دروستبکات دوور لە دزی و شەریکایەتی بەرپرسەکان."

ڕاشیگەیاند، لەبری ئەوەی پارە لە هاوڵاتییان وەربگرێت، ئەوا لە ڕێگەى ئەو کۆمپانیایەوە مانگانە بڕی پێنج هەزار دینار دەداتە هەر خاوەن ماڵێک لە بەرامبەر ڕشتنى خۆڵ و خاشاکی ماڵەکەی.

شاسوار عەبدولواحید، کە لەگەڵ پۆستەکەیدا وێنەیەکی خۆیی لەگەڵ منداڵێکیدا داناوە، زیاتری نووسیوە و دەڵێت، "منداڵەکەى من کە تەمەنی کەمترە لە سێ ساڵ، دەزانێت کە ئێوە گروپێکی فاشیلی بەرژەوەندخوازن و تەنها بیر لە پارە و دزی دەکەنەوە."

هەر لەو نوسینەیدا بە شێوازی پرسیارییەوە نووسیویەتی، "کەس هەیە نەزانێت ئێستا لە دونیادا خۆڵ پارە دەکات و لە ئەوروپا لەبری شوشەیەک چەند سەنتێکت دەدەنەوە؟".

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کردووە، "نازانم ئەم میللەتە چ تاوانێکیان ئەنجامداوە، تا وا تووشیان بووە بە تووشی ئەم فاشیلانەوە؟"

ئەمەش دوای ئەوە هات، ساڵی ڕابردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا پارەی ڕشتنی خۆڵ و خاشاک لە دوکاندار و ھاووڵاتییان و چێشتخانەکان کۆبکرێتەوە، بەڵام بەھۆی نیگەرانیی بەشێک لە ھاووڵاتییان بڕیارەکە دواکەوت. شارەوانیی سلێمانی-ش هەر لەسەر ئەم بابەتە، لە چەند ڕۆژی پێشوودا ڕایگەیاندبوو، لە ١ی ئەم مانگەوە بڕی پێنج هەزار دینار لە هەر ماڵێک وەردەگرن.