سەردێڕ:

حکومەتى هەرێم بڕیاریدا مامۆستایانی گرێبەست بکرێن بە هەمیشەیی

سەرجەم مامۆستایانى سەر بە وەزارەتى پەروەردە
فۆتۆ: 
2019-11-06

6282 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا مامۆستایانی گرێبەست بکرێن بە ھەمیشەیی.
بەپێی راگەیەنراوێکی حکومەتی ھەرێم کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردۆتەوە، "دوای گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتی بە ھەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست لە سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە، حکومەت بڕیاری بە ھەمیشەییکردنی پەسەند کرد بە رەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم مامۆستا گرێبەستانە ماوەی چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەدا خزمەت دەکەن و پێداویستی بواری پەروەردەیان پڕ کردووەتەوە".
ھەر لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، "بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو دەربارەی ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە مووچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانی و راگیراوی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوان راپۆرتێکی فراوانی دەربارەی ئەم بابەتە خستەڕوو. جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەر خزمەتکردنی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش لە گفتوگۆدا دەبێت لە سەر ئەم بابەتە".
ھاوکات تەواوی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ھاوڕابوون لە سەر ئەوەی، نابێت مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە عێراق کەم بکرێنەوە.