سەردێڕ:

پەیمانگای پەی: پەڕلەمان کەمتەرخەمە و بە کاری یاسایی خۆی ھەڵنەستاوە

فۆتۆ: 
2019-11-06

916 جار خوێندراوەتەوە


بەڕێوەبەری پەیمانگای پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ڕایگەیاند، زۆرینەی لیژنەکانی پەڕلەمان کەمتەرخەم بوون و بە ئەرکی خۆیان ھەڵنەستاون، جگە لە لیژنەی یاسایی کە ١٥ کۆبوونەوەی کردووە لیژنەی ئەوقافیش کەمترین کۆبوونەوەی ئەنجامداوە کە ٢ کۆبوونەوە بووە.
 
ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY) لەچوارچێوەی  پرۆژەی چاودێریی و ھەڵسەنگاندنی کارەکانی پەڕلەمانی کوردستان، راپۆرتی یەکەمی لە خولی پێنجەمی پەڕلەمان لەساڵی یەکەم بڵاوکردەوە، ڕاپۆرتەکە باس لە کارەکانی پەڕلەمان لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ وە دەکات. 
بابان جەعفەر بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ڕایگەیاندووە، بەپێی یاسا دەبوایە لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٧ ھەڵبژاردن ئەنجام بدرایە، بەڵام سەرۆکی حکومەت رۆژی (٣٠/٩/٢٠١٨)ی بۆ ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان دەستنیشانکرد.
 لە ڕاپۆرتەکەی ئەو پەیمانگایەشدا ھاتووە، لە یەکەم دانیشتندا کە ڕۆژی (٦/١١/٢٠١٨) بەسترا چەند پێشێلکارییەک لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا کرا، کە دەبوو ھەر ئەو ڕۆژە سەرۆکی پەڕلەمان ھەڵبژێردرێت بەڵام رۆژی (١٨/٠٢/٢٠١٩) دەستەی سەرۆکایەتی ھەڵبژێردرا، ھەروەھا پێویست بوو بەلای کەمەوە ھەریەک لە لیژنەکان (٩) کۆبوونەوەیان ئەنجامدابێت بەڵام زۆرینەی لیژنەکان کەمتر لە ٩ جار کۆبوونەتەوە و لیژنەی ئەوقافیش کەمترین کۆبونەوەی ئەنجامداوە کە لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ وە تەنھا ٢ کۆبونەوەی کردووە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوەشدەکات، یەکێک لە ئەرکە بنچینەییەکانی پەرلەمان، چاودێری کارەکانی حکومەتە، بەڵام بەھۆی ململانێی ھێزە سیاسیەکان و کێشەکانی نێوانیانەوە پێکھێنانی حکومەت دواکەوت و حکومەتی کاربەڕێکەر ھەبوو، ھەر بۆیە پەرلەمان لە ئەرکی چاودێریکردندا ھیچ ڕۆڵێکی نەبووە.