سەردێڕ:

ئەمریکا ئیدانەی کوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەرانی عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2019-11-06

1353 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئیدانەی کوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەرانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکات بەدەست هێزە ئەمنییەکان و داوا لە سەرکردەکانی وڵاتەکەش دەکات لە پەیوەندیدابن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسیویەتی "ئیدانەی کوشتن و ڕفاندنی خۆپیشاندەرانی بێ چەک دەکەین، ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین، و بەردەوامیدانە بە توندوتیژییەکانی وڵاتەکە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە عێراقییەکان ئازادبن بۆ دیاریکردنی داهاتووی وڵاتەکەیان.

خۆپیشاندانەکانى بەغدا و شارەکانى دیکەى عێراق نزیکەی دوو هەفتەیە بەردەوامە، داواکارییەکان لە دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانەوە گۆڕاوە بۆ دەستلەکارکێشانەوەى هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە و بەسزاگەیاندنى تەقەکەران.

بە گوێرەی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکانیش، لە سەرەتای دەستپێکردنەوەى خۆپیشاندانەکانەوە لە ٢٥ى مانگى رابردووەوە ٩٧ کەس کوژراون و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.