سەردێڕ:

ئەمریکا فڕۆکەخانەی موسڵی ڕادەستی ھێزە عێراقییەکان کردەوە

فڕۆکەخانەکە چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە
فۆتۆ: 
2019-11-06

2632 جار خوێندراوەتەوە

باڵێوزخانەی ئەمریکا ڕایگەیاند، پاش پاککردنەوەی لە مینە چێندراوەکان فڕۆکەخانەی موسڵیان ڕادەستی ھێزە عێراقییەکان کردۆتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ باڵێوزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پاش ئەوەی بۆ ماوەی ١٨ مانگ سوپای ئەمریکا سەرقاڵی ھەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنیی چێندراوبووە لە ناو فڕۆکەخانەی موسڵ، ئەمڕۆ بە فەرمی فڕۆکەخانەکە ڕادەستی ھێزە عێراقیەکان کرایەوە و، پارێزگاری نەینەواش لە رێورەسمێکی تایبەتدا فڕۆکەخانەکەی لە سوپای ئەمریکا وەرگرتەوە.

فڕۆکەخانەی موسڵ دەکەوێتە ناوەندی پارێزگای نەینەوا و لە ساڵی ١٩٢٠ لە لایەن ھێزی ئاسمانی بەریتانیاوە دروستکراوە، سەرەتا فڕۆکەخانەکە سەربازی بوو، لە ساڵی ١٩٢٢ گۆڕدرا بۆ فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی.

لەدوای ساڵی ١٩٩١ و بەھۆی گەمارۆکانی سەر عێراق  گەشتە ئاسمانییەکان لەو فڕۆکەخانەیەدا ڕاگیرا و پاشان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و پاش روخانی حکومەتی عێراق،  فڕۆکەخانەکە بووە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا.

 لە ساڵی ٢٠٠٨ ڕادەستی ھیزە عێراقییەکان کرایەوە و حکومەت بڕی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی تەرخانکرد، لەساڵی ٢٠١٤ فڕۆکەخانەکە کەوتە دەستی داعش و ھەتا ساڵی ٢٠١٧ فڕۆکەخانەکە لەژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێکخراوەدا بوو.

بەھۆی شەڕی داعشەوە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی کاولکاری بووەوە و، داعش ھەزاران مین و تەقەمەنی لەناو فرۆکەخانەکەدا چاندبوو، ماوەی ١٨ مانگە سوپای ئەمریکا سەرقاڵی پاککردنەوەی فرۆکەخانەکەیە لەو مینە چێندراوانە.