سەردێڕ:

نەتەوەیەکگرتووەکان: لە عێراق بە شێوەیەکى ترسناک مافەکانى مرۆڤ پێشێل دەکرێت

فۆتۆ: 
2019-11-05

2401 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هۆشداریی دا لە خراپیى ڕەوشى خۆپیشاندەرانى عێراق و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ لەلایەن حکومەتى ئەو وڵاتەوە.

ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتى دووەمیدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانى عێراق و پاراستنى مافەکانى مرۆڤ ڕایگەیاند، لە گەڕى دووەمى خۆپیشاندانەکانى بەغدا و شارەکانى دیکەى عێراقدا، بە شێوەیەکى ترسناک و بە ئاشکرا پێشێلى مافەکانى مرۆڤ دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەى نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، هێزە ئەمنییەکانى عێراق بە شێوەى هەڕەمەکى تەقە بەنێو خۆپیشاندەراندا دەکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەى بەو توندوتیژییانە کردووە کە هێزە ئەمنییەکانى عێراق بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکاریانهێناوە و، بەو هۆیەشەوە لە سەرەتاى گەڕى دووەمى خۆپیشاندانەکانەوە ٩٧ کەس کوژراون و هەزارانى دیکەش برینداربوون.

هەروەها ''جینین هینس'' نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەى بەوە کردووە،  پەکخستنى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراقەوە دەستدرێژیکردنە بۆسەر ئازادیى ڕادەربڕین و بەزاندنى سنورى ئازادییە تاکە کەسییەکانە.

ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکانى بەغدا و شارەکانى دیکەى عێراق پێی نایە ڕۆژى دوازدەیەمەوە و، داواکارییەکان لە دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانەوە گۆڕاوە بۆ دەستلەکارکێشانەوەى هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق و ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە و بەسزاگەیاندنى تەقەکەران.