سەردێڕ:

سیپان ئامێدی: دووجار داوایان لێکردووین بەشداریی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم بکەین

فۆتۆ: 
2019-11-05

4142 جار خوێندراوەتەوە

 سیپان ئامێدی لە لێدوانێکیدا باس لەوە دەکات دووجار داوایان لێکراوە بەشداریی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم بکەن، بەڵام ئەوان بەشدارنەبوون.

لە لێدوانێکیدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، سیپان ئامێدی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان وتی، "دووجار داوامان لێکراوە بەشداریی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم بکەین لەگەڵ سەرۆکی حیزبەکاندا، بەتایبەت شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بانگهێشت کراوە، بەڵام بەشدارنەبووین."

ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنیشیانەوە وتی، "بەشدارنەبووین چونکە پێمانوایە لە هەرێمی کوردستان کێشەی دیکە زۆرن و ناکرێت کۆببینەوە لەبەرچاوی کامێراکان، لەکاتێکد کێشەکانی خۆمان لەناو هەرێم هیچی چارەسەر نەکەین." ناوبراو وتیشی، "بەشدارنابین هەتا بەرنامەیەکی کاری جددی نەبێت."

باسیشی لەوە کرد، "ناکرێت هێزێکی سیاسی کە سەدان هەزار دەنگی هێناوە، لەگەڵ هەندێک حیزبی کارتۆنی و دوکانی سیاسی دابنرێن، لەبەر ئەو تێبینیانە بەشدارنەبووین لە کۆبوونەوەکان."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی تشرینی دووەم، بە بەشداریی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، ڕێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمان، هەروەها سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی عێراق و ئەگەری دەستکاریکردنی دەستووری عێراق کۆبوونەوە، بەڵام هیچ بەرپرس و نوێنەرێکی نەوەی نوێ بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد.