سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی: لە عێراقدا کێشەى جێبەجێنەکردنی دەستوور هەیە

دۆخى عێراق
نێچیرڤان بارزانی - سەرۆکی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: NRT
2019-11-05

3092 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، دەبێت دەستووری عێراق لە کەش و هەوایەکی  ئارامدا هەمواربکرێتەوە و لە عێراقیشدا کێشەى جێبەجێنەکردنی دەستوورهەیە .

ئەمرۆ سێشەممە، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، لە بارەگاى سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە بەشداری بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمى کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان، ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانى کوردستان و پارتە سیاسییەکانی هەرێم کۆبوونەوە.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، دۆخی عێراق کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و خۆشحاڵنین بەوەی دۆخی عێراق تێکبچێت، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت یارمەتی عێراق بدات بۆ دەربازبوون لەم قۆناغەى ئێستاى.

ئاماژەى بەوەشکرد، هەموو لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە پشتیوانی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانى عێراق دەکەن و پشتگیرییش لە چاکسازییەکانی حکومەتی عێراق دەکەن و دەبێت خۆپیشاندەرانیش دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق بپارێزن.

ئەوەشى خستەڕوو،  دۆخی عێراق کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و دەبێت دەستووری عێراقیش لە کەش و هەوایەکی  ئارامدا هەمواربکرێتەوە و لە عێراقیش کێشەى جێبەجێنەکردنی دەستوورهەیە .

پێشتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، بە هیچ گۆڕانکارییەک لە دەستووردا رازی نابن، ئەگەر لە دژی هەرێم بێت و مافەكانى گەلی کوردى تێدا دیارى نەکرابێت .