سەردێڕ:

کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەسەر دۆخی هەرێم و عێراق دەستیپێکرد

فۆتۆ: 
2019-11-05

3816 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەى سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لە هەولێر دەستیپێکرد.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تیی ڕایگەیاند، هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان "سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان" دەربارەی دۆخی ئەم دواییانەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدان .

ڕاشیگەیاند، وابڕیارە هەر دوای کۆبوونەوەکەش هەرسێ سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆببنەوە و لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق وتارێک پێشکەش دەکات.

هەر لە کۆبوونەوەکەی سێ سەرۆکایەتییەکە لەگەڵ سەرۆک کۆماردا پرسی هەموارکردنەوەى دەستور، خۆپیشاندانەکان و هەڵبژاردنى پێشوەختە تاوتوێ دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە سەرەتای تشرینی یەکەمەوە خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەستیپێکردووە و تێیدا سەدان کوژراو و هەزاران بریندار هەن، هاوکات یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران گۆڕینی دەستوور و سیستمی حکومڕانییە.

لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، ئەوان ڕێگە بە دەستکاریکردنی دەستوور نادەن ئەگەر هەر بڕیارێکی لە دژی هەرێم و مافەکانی هەرێمی کوردستان تێدابێت.