سەردێڕ:

هۆڵەندا: فڕۆکە جەنگییەکانمان لە ساڵی ٢٠١٥ حەفتا کەسیان لە حەویجە کوشتووە

فڕۆکەی ئێف-١٦ی هۆڵەندی لە عێراق، بە نزیکەیی هەموو ڕۆژێک هەستاون بە ئەرکی خۆیان بۆ ماوەی چوار ساڵ
فۆتۆ: AFP
2019-11-05

2014 جار خوێندراوەتەوە


وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی جەنگیی هۆڵندی لە شەڕی دژ بە داعشدا لە عێراق، ٧٠ کەسی لە مەدەنی و چەکدارانی داعشی کوشتووە.

وەزارەتەکە لە نامەیەکیدا کە بۆ پەرلەمانی هۆڵەندای ناردووە رایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠١٥، لە گەرمەی شەڕی دژ بەداعشدا، فرۆکەیەکی ئێف-١٦ی سوپای هۆڵەندا  کە لە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش – بە پێشەوایەتی ئەمریکا، خزمەتیکردووە، لە بۆمبارانکردنێکیدا بۆ سەر قەزای حەویجەی نزیک لە شاری کەرکوک، نزیکەی ٧٠ کەسی لە خەڵکی مەدەنی و چەکدارانی داعشی کوشتووە.

وەزارەتەکە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، "ئەو هێرشە کارگەیەکی درووستکردنی بۆمب-ی داعشی لەو ناوچەیە کردبووە ئامانج و دوای بۆمبارانکردنی ئامانجەکە، تەقینەوەی دووەم لە خودی کارگەکەدا ڕوویدا کە چەند جێگایەکی ئەو نزیکانەی گرتەوە و نازانرێت لەو ٧٠ کوژراوەی کە هەبوون، چەندیان مەدەنی و چەندیان ئەندامی داعش بوون".

هاوکات، ڕێکخراوی ئەیروارس کە تایبەتە بە ئامارکردنی کوژران و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی بەدەست هێرشە ئاسمانییەکان پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو، "لەناو ئەو کوژراوانەدا، بە لایەنی کەمەوە ٢٦ منداڵ و ٢٢ ژنی تێدابوو".

وەزارەتی بەرگری هۆڵەندا ئەوەشیان وتووە، "لە ٢٠ی ئەیلولی ٢٠١٥، لە بۆمبارانێکی دیکەی فڕۆکەی جەنگی هۆڵندا-دا لە شاری موسڵ، چوار کەسی مەدەنی کوژراون".

هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ئەرکی شەڕکردن بوو لە دژی داعش لە عێراق و سوریا. لە ئامارەکانی هاوپەیمانێتییەکەدا هاتووە، لە مانگی ٨ی ٢٠١٤ەوە هەتا مانگی ٨ی ٢٠١٩، ٣٤ هەزار و ٥٧٣ گورزی ئاسمانیان لە دژی داعش وەشاندووە و لەو نێوانەدا، بە وتەی خۆیان، بەبێ مەبەست هەزار و ٣٣٥ کەسی مەدەنی کوژراون.

بەڵام ڕێکخراوی ئەیروارس ئاماژە بەوە دەکات، کوژراوانی مەدەنی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە لە هەمان ماوەدا، لەنێوان ٨ هەزار بۆ ١٣ هەزار کەسدایە.