سەردێڕ:

توانا ئەمین داوای یاسایی لەسەر دوو نوسەر تۆمارکرد

فۆتۆ: 
2019-11-04

5073 جار خوێندراوەتەوە

توانا ئەمین نوسەر و چیرۆکنوس سکاڵای لەسەر هەردوو نوسەر و رەخنەگر زانیار محەمەد و  ئارام سدیق تۆمارکردووە.

ئەمڕۆ ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل، توانا ئەمین هەردوو نوسەر و رەخنەگری گۆڤاری شیعر (زانیار محەمەد و  ئارام سدیق )ی راپێچی بنکەی پۆلیس کردووە، هەر لە ئەمڕۆدا ئەو دوو نوسەرە بە کەفالەت تا کاتی دادگاییکردن ئازادکراون.

هەردوو نووسەر (زانیار محەمەد و ئارام سدیق) لەماوەی رابردوودا وتاریان لەسەر خراپی ئەدەبی ناوبراو نوسیوە، كە ئەدەبێكی كرچوكاڵ و زڕو بازارییە و كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئەدەبی جدی.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەم وتارانەش لە ئەکاونتی فەرمی خۆیان و لە چەند ماڵپەڕێکی دیکە، توانا ئەمین، بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل، داوای یاسایی تۆمارکردووە و هەردووکیانی راپێچی دادگاکردووە.

زانیار محەمەد نوسەر و رەخنەگر لەبارەی ئەو وتارەی کە لە مانگی تەمووزدا وەك رەخنەیەك لە توانا ئەمین نوسیویەتی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "من رەخنەم لە ئەدەبیاتی بازاڕی گرتووە کە لە ئێستادا توانا ئەمین نوێنەرایەتی دەکات، ئەو جۆرە ئەدەبیاتە هیچ قوڵاییەکی تێدا نییە، زمانێکە پڕە لە سوکایەتی و تەشیرکردن بە ژنان و پیاوان و منداڵان و توندوتیژی، ئەو نوسەرە لە بەشێکی نوسینەکانیدا هانی کوشتن و توندوتیژی دەدات، پێم وایە قەرەباڵخی دروستکردن لە دەوری ئەم جۆرە ئەدەبیاتە مەترسیدارە و دەسەڵات نابێت سپۆنسەری ئەم ئەدەبیاتە بکات."

لە بەرامبەردا روونیشیکردووەتەوە، "جگە لەوەش ئێمە نوسەرین و لەرێگەی نوسینەوە قسەمان کردووە و پێویستە هەر لەرێی نوسینیشەوە وەڵام بدرێتەوە نەك بدرێتە دادگا، لە ئێستاشدا بە کەفالەت ئازادکراوم و بەیانی پارێزەر دەگرم و بۆ پشتراستکردنەوەتی ئەو وترارەش بەڵگەی تەواو دەدەم بە دادگا."

ئارام سدیق نوسەر و رەخنەگر لای خۆشییەوە وتی، "ئەو داوایەی لەسەر من تۆمارکراوە بەهۆی کتێبێکەوەیە بەناوی "لە ڕەخنەوە بۆ ڕەتکردنەوە"، هەوڵێکی رەخنەیی منە لەسەر کۆمەڵێك نوسەر و لەسەر کۆمەڵێك دیاردەی ئەدەبی ناو ئەدەبی کوردی، لەوێدا بەشێکی تەرخانە بۆ رەخنەگرتن لە دوو کتێبی توانا ئەمین بەناوی مینای شین و ژولیا و دەستنوسەکەی مەولانا لەوێدا رەخنەم لە دیدگاکانی توانا ئەمین گرتووە وەك نوسەرێکی پاسیڤ و لەخۆرازی و ساختە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای ئەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە و ئێمە لەوێدا ئامادەبووین، دادوەر بە کەفالەت تا کاتی دادگایی ئازادی کردین و ئێمەش بەڵگەی خۆمان پێشکەشکرد کە ئێمە کاری رەخنەیی دەکەین و هیچ تەشیرێکمان بە هیچ کەسێك نەکردووە و نزیکی ٢٠ ساڵە لەبورای نوسین و رۆژنامەوانیدا کاردەکەین و ئەمەش بەشێکە لە کارەکەمان."

لەبارەی سکاڵاکەوە و وەك روونکردنەوەیەك بۆ ئەو بڕیارە توانا ئەمین بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بۆ وەڵامدانەوەی ئەو وتارانە من پەنام بۆ نوسین نەبرد چونکە ئەوەی نوسیویانە رەخنەی ئەدەبی نییە ئەوە جوێنە و وشەی نەشیاوی تێدا بەکارهاتووە بۆ کەسایەتیم، لای من نووسین بەرپرسیارەتییەکی ئەخلاقییە، لە پێشدا بەرامبەر خۆم ئینجا بەرامبەر بەردەنگ و خوێنەران."

وتیشی، "ئەوان لەرێگەی نوسینەکانیانەوە تۆمەتی جۆراوجۆریان خستووەتە پاڵ من و بۆ ئەوەی ئەم تۆمەتانەش ساغ ببێتەوە پێویست بوو شارستانی ترین ڕێگە کە ڕێگەی یاساییە بگرینە بەر بۆیە وەڵامم بە نوسین نەدایەوە و وەک کەیسێك سکاڵام لەسەر تۆمار کرد و پێویستە بە لایەنی یاسایی چارەسەربکرێت."

جەختی لەوەشکردەوە، "مەبەستی من لەم سکاڵایەش ئەوەیە سنور بۆ ئەم جوێندانە دابنرێت و ونەبێت بە مۆدێل و دوابەدوای ئەمان کەسی تر دووبارەی نەکاتەوە."