سەردێڕ:

ڕانیە.. ژن و مێردێک لەکاتی دزیکردندا دەستگیرکران

فۆتۆ: 
2019-11-04

13709 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، لەناو بازاڕی ڕانییە ژن و مێردێکیان لەکاتی دزیکردن لە دوکانێکی زەڕەنگەر دەستگیرکردووە.

شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ و لە شاری ڕانیە دوای ئەوەی ژن و مێردێک سەردانی دوکانەکانی زەڕەنگەری دەکەن بەمەبەستی کڕینی زێڕ لەناو ڕانیە، بەڵام لەکاتی مامەڵەکردندا چەند پارچە زێڕێک لە دوکانی زەڕەنگەرێک دەدزن، دوای ئەوەی ژن و مێردەکە دەزانن خاوەنی دوکانەکە هەستی بە دزیەکە کردووە، پیاوەکە پەلاماری خاوەنی دوکانەکەی داوە و  برینداری کردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، مەفرەزەی ناو بازاڕی هێزەکانیان لە پۆلیسی فریاکەوتنی ڕانیە، ژن و مێردەکەیان دەستگیرکردووە و خاوەنی زەڕەنگەرەکەشیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە.

ناوبراو وتیشی، "دواتر هەر لەلایەن پۆلیسی فریاکەوتنی ڕانیە کەسی سێیەم دەستگیرکرا کە بە ئۆتۆمبێلەکەی چاوەڕوانی ژن و مێردەکەی دەکرد لەناو بازاڕی ڕانیە".

شۆڕش ئیسماعیل ڕوونیشیکردەوە، ژن و مێردەکە خەڵکی  ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، تەمەنیان لە سەرووی ١٨ ساڵەوەیە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیان ناوە بە تاوانەکەیاندا.