سەردێڕ:

عێراق.. هۆشداری لە ڕووخانی پردی کۆماری دەدرێت

خۆپیشاندان بەردەوامە
فۆتۆ: 
2019-11-04

4187 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرتێبەردانی پردی کۆماریی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە مەترسی ڕووخانی لەسەرە.

عەبدولکەریم خەلەف وتەبێژى هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، خۆپیشاندەران چەندین جار ئاگریان لە چەند شوێنێکى پردەکە بەرداوە و بەو هۆیەوە سەرجەم ئەو ڕاگرە پلاستیکیانەى پردەکەى لەسەر ڕاگرە چیمەنتۆییەکان وەستاندووە سوتاون و ئەوەش لە ڕووی ئەندازەییەوە مەترسی بۆ سەر پردەکە دروستدەکات.

پردی کۆماری یەکێکە لەو پردانەى بەغدا کە ناوچەى رەسافە و گۆڕەپانی تەحریر بە ناوچەى سەوزەوە دەبەستێت و هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەکاندا بووەتە شوێنى ڕووبەڕووبوونى خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان.

لە ئێستادا پردەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە چەند ڕێگرێک داخراوە و خۆپیشاندەرانیش هەوڵدەدەن پردەکە تێپەرێنن بەرەو ناوچەى سەوز کە سەرجەم  بیناکانی دامودەزگاکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراقی لێیە.