سەردێڕ:

عێراق.. فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسێکی ئەمنی و کوڕەکەی دەرکرا

بەتۆمەتى کوشتنى خۆپیشاندەران
فۆتۆ: 
2019-11-04

7239 جار خوێندراوەتەوە

دادگای زیقار، بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگاکە و کوڕەکەشی دەرکرد.

ئەمڕۆ ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، دادگای پارێزگاى زیقار، بە تۆمەتی دەسترێژیکردن لە خۆپیشاندەرانی ئەم دواییەی ئەو پارێزگایە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە جەبار موسەوی و کوڕەکەی دەرکرد.

فەرمانی دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە هات کە جەبار موسەوی تۆمەتبار کرابوو بە کوشتن و بریندارکردنی نزیکەی ٢٠ خۆپیشاندەر لە هەفتەی پێشوودا لە ناسریەى ناوەندى پارێزگاکە.

لەلایەکیترەوە ئەمرۆ دەستەی نەزاهەی عێراق، بڵاویکردەوە بەهۆکاری تێوەگلانیان لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی و گەندەڵی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە وەزیری پێشووی تەندروستی عێراق، وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق، پارێزگاری پێشووی بابل و پارێزگاری پێشووی بەسرە، دەرکرا.

هەر ئەمرۆ، دادگای کەڕادە بە تۆمەتی دزینی فایلەکانی وەزارەتی تەندروستی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ لێکۆڵەری گشتیی پێشووی ئەو وەزارەتە دەرکرد.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، دەستەی نەزاهە ئاشکرای کرد فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٦٠ کەس، لەناویاندا،  وەزیرێکى ئێستا، ٢ وەزیری پێشوو، ٥ پەرلەمانتار، ٣٨ ئەندامی ئەنجومەنى پارێزگاکان، ٢ سەرۆکى ئەنجومەن و ١ پارێزگاری دیکە، دەرکراوە.

خۆپیشاندانەکانی عێراق لە سەرەتاى مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا، زیاتر لە ٢٦٠ کەس کوژراون و نزیک بە ١٤ ھەزار-یش، برینداربوون.