سەردێڕ:

کورد لە بەرامبەر ئاکامەکانی ڕێککەوتنی ئەمەریکا و تورکیا لەسەر منبج چۆن ڕەفتار دەکات؟

فۆتۆ: 
2018-06-21

4798 جار خوێندراوەتەوە

ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا  و تورکیا لەسەر بڵاوبوونەوەی سەربازیی تورکیا لە منبج کۆتایی بە گرژی نێوان ئەو دوو وڵاتە ھێنا سەبارەت بە پاڵپشتییەکانی ئەمەریکا  بۆ سوپای سوریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، چونکە ئەنقەرە چەند دەستکەوتێکی بەدەستھێناوە کە گرنگترینیان بەدەستھێنانی دەنگی ڕای گشتی بۆ ئەردۆغان لە تورکیا پێش وادەی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، ھەروەھا پاڵپشتیی بڵاوبوونەوەی سەربازی لە باکووری عێراق (ھەرێمی کوردستان) بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و کەمکردنەوەی گرژی لەگەڵ واشنتن، لە ھەمان کاتدا بەشار ئەسەد ئەم ڕێککەوتنە دەقۆزێتەوە بۆ فشار خستنە سەر کوردەکان و بەردەوامبوونی پانتایی گۆڕەپانی سوپاکەی.

خاڵەکانی"ڕێککەوتنی منبج"

ھەنگاوەکانی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا  و تورکیا لە ٤ی حوزەیراندا و لە دوایین کۆبوونەوەیاندا بەشێوەیەکی تاڕادەیەک ڕێک و گونجاو بوو، بەجۆرێک لیژنەی ھەواڵگریی سەربازیی ئەمریکی-تورکی لە کۆتایی مانگی ئایاردا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ڕوون دەربارەی داھاتووی منبج و وردەکاریی ڕێککەوتنەکەیان ڕادەستی وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەمەریکا  کردبوو، ھەر بە زوویش سوپای سوریای دیموکرات ئامادەسازی زەمینەیی سیاسی و مەیدانی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی دوو وڵاتەکە ئەنجامدا، ئەوەش لەوانەیە ئاماژەیەک بێت بۆ زانینی پێشوەختەی سوپای سووریای دیموکرات بەو ڕێککەوتنە چونکە دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، سوپای سوریای دیموکرات پاشەکشەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە ناوچەکانی منبج ڕاگەیاند. ھەروەھا نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش، برێت مەکگۆرک، سەردانی منبجی کرد بۆ دڵنەوایی لایەنی کوردی لە شارەکە تاوەکو ئەو ڕێککەوتنە "ستراتیژییە"ی کە لەنێوان ئەمەریکا  و سوپای سوریای دیموکرات ھەیە لە ڕووخان بپارێزێت.

سەرەڕای ئەوەی کە ھیچ لایەک (ئەمەریکا -تورکیا) ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام ژمارەیەک ڕۆژنامەی بەناوبانگ دزەیان بە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە کردووە، کە بەشێکی ئەمانە لەخۆ دەگرێت "سوپای سوریای دیموکرات چ لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە دەبێت لە منبج و تەواوی ھەرێمی ڕۆژئاوای فوڕات بکشێتەوە، بەجۆرێک کە کشانەوەکە ھەموو سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری و مەدەنی لەخۆ دەگرێت کە لەلایەن سوپاکەوە دامەزراوە، تاوەکو بە تەواوی دەسەڵاتی لەو ناوچانەی خۆرئاوای ڕووباری فوڕات و شارەکە و ھەرێمەکەش نەمێنێت".

ھەروەھا تورکیا بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی ئەمەریکا  سەرپەرشتی بونیادنانەوەی دەزگا خزمەتگوزاری، مەدەنی، سیاسی و ئاسایشەکانی شارەکە دەکات بەجۆرێک کە لەلایەن ھاووڵاتیانەوە متمانەپێکراو بێت، ئەوەش دەبێت بەشێوەیەک بێت کە ڕێکارە تورکییەکان نابێت "تۆڵەسەندنەوەیی بن" ھاوشێوەی ئەوەی دژی میلیشیا ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە ئەنجامیدا، ئەوانەی ھاوپەیمانی ئەمەریکا  بوون لە عەفرین، ھەماھەنگییەکە نابێت بەجۆرێک بێت کە "داگیرکاری" بێت.

لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە تورکیا ھەوڵە بەردەوامەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی باکووری سووریا کەمبکاتەوە، بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی فوڕات کە ئێستا تەنھا لەژێر دەسەڵاتی سوپای سووریای دیموکراتدایە، ھەروەھا دەبێت دووبارە ھەڵوەشاندنەوە و پێکھێنانەوەی دەسەڵات لەو ناوچەیەدا ئەمەریکا  ئەنجامی بدات کە ئەویش لەلای خۆیەوە فشار دەخاتە سەر لایەنی کوردی، بەوەش دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە بەشێوەیەکی ھاوبەشی و نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتە و لایەنە سیاسییەکان لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت کوردەکان بەتێکڕای لایەنە ناکۆکییەکانیانەوە لەلایەک و عەرەب و تورکمان لەلایەکی ترەوە.

دەستکەوت و زیانەکان:

دەتوانرێت بوترێت کە کاتی ئەنجامدانی ئەم ڕێککەوتنەی ئەمەریکا  و تورکیا ژمارەیەک دەستکەوتی سیاسی و ستراتیژی بۆ ھەردولا دەڕەخسێنێت، بەتایبەت بۆ پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لەوانەیە ژمارەیەک کاردانەوەی نەرێنی لەسەر لایەنی کوردی دەبێت، لەم ڕوانگەیەشەوە دەتوانرێت ئاماژە بۆ کاردانەوەکانی ڕێککەوتنەکە بەم شێوە بکرێت:

١/ بەدەستھێنانی زۆرترین دەنگدەری تورک: ئەردۆغان ئەم ڕێککەوتنە تاوەکو ئاستێکی زۆر بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەکان بەکاردەھێنێت، چونکە زۆربەی ڕاپرسییە گشتییەکانی تورکیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەردۆغان ناتوانێت لە خولی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بێت، تەنانەت ڕێکخراوی "سۆنار" کە تایبەتە بە ڕاپرسیی گشتی ئاماژەی بەوە کردووە کە لەوانەیە ئەردۆغان دووچاری ئاستەنگییەکی زۆر بێتەوە تەنانەت لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیشدا، ئەوەش دوای ئەوەی کە پشکی ڕکابەرەکەی و پاڵێوراوی حزبی نەتەوەیی کۆماری بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا "موحەرەم ئینجە" بەردەوام بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات.

ھۆکاری ئەو نزمبوونەوە جەماوەرییەی ئەرۆدغان و حزبەکەی بۆ دوو بابەت دەگەڕێتەوە:

یەکەمیان، پەیوەستە بە دابەزینی ئاستی بەھای لیرەی تورکی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە %٣١ لە بەھا سەرەکییەکی خۆی، ھۆکارەکەشی بەشێکی بۆ پاشەکشەی متمانەی ھەندێک وەبەرھێن لە ژینگەی تورکیا دوای ئەوەی کە حزبی داد و گەشەپێدان ھەوڵی داوە کۆنتڕۆڵی دەزگا ئابوورییەکان بکات.

دووەمیان، پەیوەستە بە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا کە ھەوڵدەدەن ھاوپەیمانییەک لەنێوان خۆیاندا دروستبکەن، بەتایبەت ھەردوو حزبی سەرەکی (حزبی کۆماری نەتەوەیی "ئەتاتورکی" و حزبی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە").

ئەو دوو بابەتەی سەرەوە پاڵنەر دەبن بۆ ئەوەی کە ئەردۆغان "ڕێککەوتنی منبج" بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی سیاسەتی دەرەکی نیشان بدات بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیی تورکیا تاوەکو دەنگی کۆمەڵگا نیشتیمانییە نەریتییەکان بەدەستبھێنێت، کە ئەوانە زیاتر لایەنگری حزبی کۆماری نەتەوەیین.

٢/ دووبارە بڵاوبوونەوەی ھەرێمی: ستراتیژی دەرەکیی تورکی ھەوڵ دەدات ئەم ڕێککەوتنە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی لە دەوروبەری جوگرافیدا بقۆزێتەوە، بەتایبەت لەو سەربازگە و ناوچانەی کە پەکەکە کۆنتڕۆڵی کردوون لە ھەرێمی کوردستاندا.

لایەنی تورکی ھەڵدەستێت بەم گرێبەستە تاوەکو ئاماژە بەوە بدات کە ھەماھەنگی نێوان ئەمەریکا و لایەنە  کوردییە نزیکەکانی پەکەکە کۆتایی پێھاتووە، ئەنقەرەش دەتوانێت دەسەڵاتەکانی فراوان بکاتەوە لە سنووری عێراق و سوریا، بێ ھیچ ترسێک لە ھێڵی سووری ئەمەریکا. لەم چوارچێوەیەشدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە "دوای منبج نۆرەی شەنگال و قەندیلە"، دوای کۆنتڕۆڵکردنی عەفرین و منبج تورکیا پێی وایە کە کات گونجاوە بۆ لێدانی پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی دەسەڵاتیدا.

٣/ نزیکبوونەوە لەگەڵ ئەمەریکا: ڕێککەوتنی منبج ھەلێکە بۆ تورکیا و ئەمەریکا  تاکو دوبارە تۆڕی پەیوەندی و وابەستەیی ستراتیژی نێوانیان ڕێکبخەنەوە، ھەروەکو چۆن پێشتر تورکیا گرێبەستی (جەرابلس/ڕۆژئاوای حەلەب) لە زستانی ساڵی ٢٠١٦دا گونجاو بوو بۆ دوبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی ستراتیژیی لەگەڵ ڕووسیا، ئەوەش لەڕێگەی میکانیزمی یەکترقبوڵکردن لەلایەن ھەردوولاوە لە ھەندێک ناوچەی سووریادا، بەجۆرێک کە تورکیا بەشێک لە ناوچەی جەرابلسی داگیرکرد بەرامبەر ئاسانکردنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕۆژھەڵاتی حەلەب لەلایەن ڕووسیا و سووریاوە، پاشان داگیرکردنی عەفرین بەرامبەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی غوتەی دیمەشق لەلایەن ڕژێمی سوریاوە.

٤/ لاوازکردنی پێگەی کورد: ڕێککەوتن لەگەڵ ھێزی کورددا کەمێک جیاوازە، بەجۆرێک کە ھەندێک کاردانەوەی نەرێنی ھەن بەرامبەر ڕێککەوتنی منبج لەسەر شوێن و پێگەی کورد لە ئێستادا و لەسەر داھاتووی سوپای سووریای دیموکرات و ڕۆڵی لە داھاتوودا، لە ئێستادا پێگەی سیاسیی کورد تاڕادەیەک لاوازی پێوە دیارە، بەتایبەت دوای لەدەستدانی متمانەی کورد بە ڕووسیا و ڕژێمی سووریا کاتێک لایان وابوو کە ھیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان تورکیا و ڕووسیا و ڕژێمی سووریادا نییە لە ئۆپراسیۆنی عەفریندا، ڕێککەوتنی منبجیش دەبێتە ھۆی نەھێشتنی متمانەیان بە ستراتیژی ئەمەریکا  و ئەوەش کۆتا ھەلی کورد بوو کە پشتیان پێدەبەست بۆ پاراستنی دەوروبەریان لە "دوژمنان".

پەیەدە و سوپای سووریای دیموکرات ھەست بەوە دەکەن کە ڕۆڵی ستراتیژییان لە دوای لەناوبردنی داعش بەتەواوەتی نەماوە و ئەوان تەنھا ئامێرێک بوون بەدەست ھێزە گەورەکانەوە بۆ ئەم کارە و ھیچ گرنگییەک بە دۆزینەوەی بینینێکی ستراتیژی بۆ داھاتووی کورد لە پێکھاتەی گشتی سووریادا نییە.

٥/ فشارەکانی ڕژێمی سووریا: ڕژێمی سووری خاڵی لاوازی کورد دەقۆزێتەوە بەتایبەت لەو کاتەدا کە توانیویەتی دوو گۆڕانکاری ستراتیژی بەدەستبھێنێت، بەجۆرێک کە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵی ناوچەی غوتەی کردووە و لە ئێستاشدا دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی پایتەخت بەتەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدایە، ھەروەھا وادەردەکەوێت کە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیش سەبارەت بە باشووری سووریا ھەیە و لە ئێستاشدا خەریکە ڕووندەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە ڕژێمی سووریا دەست دەگرێت بەسەر ناوچە ھەستیارەکانیدا و ھەموو تواناکانی وەگەڕ دەخات بۆ ناچارکردنی کورد بە ڕازیبوون بەو ڕێککەوتنە ئەگەر نادادپەروەرانەش بێت سەبارەت بە پاراستنی کورد لە تورکیا یان لەو ڕێککەوتنە دوولایەنەی تورکی-ئەمریکی.

لە کۆتاییدا، پەیەدە و سوپای سووریای دیموکرات ناچارن وەڵامی ڕوون بدەن بە کۆمەڵگەی کوردی، بەتایبەت دوای ئەوەی ڕازیبوون بەوەی کە ئەم ھێزانە کۆنتڕۆڵی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکانیاندا بکەن، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا دووچاری دۆخێکی زۆر ئاستەنگ بووبوونەوە بەھۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا، بەڵام ئەو لایەنە (پەیەدە) لە ڕووی سیاسی و سەربازی دەسەڵاتی فراوان کردووە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا بەجۆرێک وایلێھات کە وەک ھێزێکی نیمچە ڕەھایی کۆنترۆڵی کۆمەڵگای کوردی دەکرد.

کۆمەڵگەی کوردی ملکەچییەکیان نواندووە بەرامبەر توانای سیاسی لایەنەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرامبەر دابینکردنی دۆخێکی ئاسایش لە ناوچەکە و بەرجەستەکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ توانای دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ کوردەکان، بەڵام دوای لەدەستدانی ئەو توانایانە لەلایەن پەیەدەوە چیتر کۆمەڵگەی کوردی و بنەماڵەکانی ئەو ناوچانە متمانەیان پێی نامێنێت و لەوانەیە دووچاری لێپرسینەوەیان بکەنەوە سەبارەت بەوەی کە پێشتر ئامادەبوون بکەونە ژێر دەسەڵاتی ستراتیژی پەیەدەوە.

 

ناوەندی ئاییندە بۆ خوێندنەوە و توێژینەوەی باڵا
و: محەمەد حامید