سەردێڕ:

فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسی پێشووی عێراق دەرچوو

بەتۆمەتى گەندەڵى
فۆتۆ: 
2019-11-04

4448 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی نەزاهەی عێراق بڵاویکردەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ وەزیری پێشووی تەندرووستی و پارێزگاری پێشوی بابل دەرکرا.

لە ڕاگەیاندراوێکیدا، دەستەی نەزاهەی عێراق ئاماژەى بەوەکرد، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە وەزیری پێشووی تەندروستی عادیلە حەمود، و سادق سولتانی پارێزگاری پێشوی بابل و پەرلەمانتاری ئێستای هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق دەرکراوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، "عادیلە حەمود بەهۆی تێوەگلانی لە گەندەڵییەوە لە کاتی درووستکردنی نەخۆشخانەیەکی ٤٠٠ قەرەوێڵەیی و سادق سولتانی-ش بە هۆکاری تێوەگلانی لە بەهەدەردانی پارەی پارێزگاکە لە بابەتی کڕینی مەواد بۆ شارەوانی (قاسم) و چاپکراوی تەندروستی و شتی ناپێویست و وەهمی دیکەدا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە" .

ئەوەش هاتووە، "هەردوو تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی ٣٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دەستەی نەزاهەی عێراق، بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی گەندەڵی، ٦٠ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ وەزیرێکی ئێستا و دوو وەزیری پێشوو و پێنج پەرلەمانتار و ٣٨ ئەندامی ئەنجومەنى پارێزگاکان و دوو سەرۆکى ئەنجومەن و یەک پارێزگار دەرچووە.

لە ١٦ی مانگی ڕابردوودا ئەنجومەنى دادوەری عێراق لیژنەیەکى پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەسەرجەم ئەو کەسانەی پۆستەکانیان بەکارهێناوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و گەندەڵیان ئەنجامداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ژێر فشاری خۆپیشاندانی شارەکانی عێراق  نزیکە  بڕیار بدرێت حکومەت هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.