سەردێڕ:

هیندستان.. هەوای پیس کارەساتی مرۆیی دەخاتەوە

پیسیی هەوای نیودەلهی لەسەرو پلەی ئاساییەوەیە
دیمەنێک لە شەپۆلی هەوای پیس - نیودەلهی و دەوروبەری
فۆتۆ: رۆیتەرز
2019-11-04

1974 جار خوێندراوەتەوە

لە وڵاتی هیندستان بەهۆی شەپۆلێکی فراوانی هەوای پیسەوە کە پایتەختی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، خەریکە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

چەند ڕۆژێکە، لە پایتەختی هیندستان، نیودەلهی و ناوچەکانی دەوروبەری، باری لەناکاوی تەندرووستی ڕاگەیەندراوە و ژیانی ملیۆنان مرۆڤ، بەهۆی ئەو شەپۆلە لە هەوای پیسەوە کە بەرۆکی ئەو ناوچەیەی گرتووە، گیانیان لە مەترسیدایە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ڕێژەی پیسبوونی هەوای ئەو ناوچەیە بەرزبووەتەوە بۆ ٩٠٠ پلە، لەکاتێکدا لە پلەی ١٥٠ بەسەرەوە ئیتر دەبێتە ناتەندرووست و لە ٥٠٠ پلە زیاتریش دەبێتە هۆی کارەسات.

شایانی باسە، ئەو شەپۆلە هەوای پیسە، زۆرترین مەترسیەکانی لەسەر چل ملیۆن هاوڵاتی ئەو وڵاتەیە کە لە چواردەوری نیودەلهی پایتەخت دەژین، بەرپرسانیش ڕێنمایی ئەوەیان پێداون کە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

 جگە لەوەی هیندستان یەکێکە لە وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی دونیا و ژمارەیەکی زۆر لە کارگەکان و ئامێرەکانی گواستنەوەی تێدایە، بەڵام پیسبوونی ژینگەی جیهانیش بەدەر نییە لە هەبوونی کاریگەریی لەسەر ئەم شەپۆلە هەوای پیسە. لە جیهاندا، باشترین ئاستی هەوای پاک لەو ناوچانەی کە مرۆڤی لێ نیشتەجێن، لە ئەوروپا و ئەمریکای باکورە، و خراپترینیش، لە چین و هیندستانە.