سەردێڕ:

لە خۆپیشاندانەکانى کەربەلا دا پێنج کەس کوژران

کۆنسوڵخانەى ئێران سوتاوە
فۆتۆ: 
2019-11-04

4030 جار خوێندراوەتەوە

شەوى رابردوو خۆپیشاندەران بارەگاى کونسوڵخانەى ئێرانیان لە کەربەلا سوتان و بەهۆى تەقەى هێزە ئەمنییەکانیش پێنج کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسیش برینداربوون.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، شەوى رابردوو سەدان خۆپیشاندەر لە شاری کەربەلا-ی باشورى عێراق، بەردبارانی کونسوڵخانەى ئێرانیان کرد و دواتر سوتاندیان.

باسى لەوەشکرد، خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووبونەوە  ودۆخەکە ئاڵۆزیی لێکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسیش برینداربوون.

هاوکات لە پارێزگاى بابل زۆربەى دام ودەزگا حکومییەکان داخراون و دەوامى زۆربەى فەرمانگە حکومییەکان و ناوەندەکانى خوێندن راگیراوە.

خۆپیشاندانەکانی عێراق، لە سەرەتاى مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە ٢٦٠ کەس کوژراون و نزیک بە ١٣ ھەزار-یش، برینداربوون.

ڕێکخەرانی خۆپیشاندەران لە چەند ڕۆژی پێشتردا ڕایانگەیاندبوو، ھەرکاتێک ئەو دوو ھەنگاوەی بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی پێدا (دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت) چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا خۆپیشاندانەکان ھێوردەبنەوە و ئەمانیش بۆ دوو داوای سەرەکی دیکەیان (گۆڕینی دەستوور و گۆڕینی سیستمی حوکم) دەچنە سەر مێزی گفتوگۆ.