سەردێڕ:

بەغدا.. دوو خۆپیشاندەر کوژران

خۆپیشاندەرێک لە بەغدادی پایتەخت
فۆتۆ: رۆیتەرز
2019-11-03

1466 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی، ئومێد محەمەد، بەغدا

لە بەغدای پایتەختی عێراق، بۆ دەیەم ڕۆژ لەسەر یەک خۆپیشاندان بەردەوامە و ئەمڕۆش دوو خۆپیشاندەر کوژراون.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٣ی تشرینی دووەمی، ٢٠١٩، بۆ دەیەم ڕۆژ لەسەریەک، خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و بەشێک لە شارەکانی دیکەی عێراق بەردەوامن و تا ئێستا، دوو خۆپیشاندەر کوژراون.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕاشیگەیاند، هەر ئەمڕۆ، ٢٨ خۆپیشاندەری دیکە برینداربوون و بەشێکیان فیشەک بەر سەریان کەوتووە و بە سەختی برینداربوون.

خۆپیشاندانەکانی عێراق، لە ٢٥ی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردووەتەوە و تا ئێستا، زیاتر لە ٢٠٠ خۆپیشاندەر کوژراون و نزیک بە ١٠ هەزار-یش، برینداربوون.

ڕێکخەرانی خۆپیشاندەران لە چەند ڕۆژی پێشتردا ڕایانگەیاندبوو، هەرکاتێک ئەو دوو هەنگاوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی پێدا (دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت) چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا خۆپیشاندانەکان هێوردەبنەوە و ئەمانیش بۆ دوو داوای سەرەکی دیکەیان (گۆڕینی دەستوور و گۆڕینی سیستمی حوکم) دەچنە سەر مێزی گفتوگۆ.

بەڕێکردنی تەرمی دوو خۆپیشاندەرە کوژراوەکە ئەمرۆ ئێوارە: