سەردێڕ:

چالاکوانێکی مەدەنی لە بەغداد بێسەروشوێن کرا

فۆتۆ: 
2019-11-03

1760 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی - ئومێد محەمەد - بەغدا
چالاکوانی پزیشکی و یەکێک لە رێکخەرە دیارەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق، سەبا مەھداوی رفێندرا و تا ئێستاش بێسەروشوێنە.
دوێنێ لە نیوەی شەودا و لەکاتی گەڕانەوەی سەبا لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی بەیاع بەسەر پردی جادرییەدا پەڕیوەتەوە و لەوێدا تونێلێکی کورت ھەیە پاش چوونە ژوورەوەی بۆ تونێلەکە دیارنەماوە، شایەتحاڵان دەڵێن کە لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندراوە و، پاش رفاندنیشی بەرەو شوێنێکی نادیار براوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.

دوای چەند کاتژمێرێکیش لە رفاندنی لاپەڕەی تایبەتی سەبا لە فەیسبووک داخراوە.

ھاوکات کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ داوای لە ھێزە ئەمنییەکانی بەغداد کردووە بەپەلە چارەنووسی ئەو چالاکوانە ئاشکرابکەن و ھەوڵی دۆزینەوەی بدەن.
ھەرچەندە خێزانەکەی لە ھەوڵی دۆزینەوەیدان، بەڵام پەیوەندی بە ھەر لایەنێکی سیاسی و حزبیشەوە دەکەن ھیچ زانیارییەکیان دەستناکەوێت و تەواوی لایەنەکان رەتیدەکەنەوە کە ئاگاداری رفاندنی ئەم چالاکوانە بن.

سەبا یەکێکە لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان و چالاکوانی پزیشکی و خۆبەخش بووە و یارمەتیی خۆپیشاندەرانی داوە و رۆڵی کاریگەری ھەبووە لە ریزی خۆپیشاندەراندا، برینی زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی تیمارکردووە و بەردەوام کاری کردووە بۆ کۆکردنەوەی دەرمان و پێداویستییەکان بۆ خۆپیشاندەرەکان، ھەر ئەمەش وایکردووە ببێتە جێی سەرنجی دەورووبەرەکەی.
رفاندنی سەبا ھەرای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بە تویت و بڵاوکراوەکانیان جەخت لەوە دەکەنەوە کە رفاندنی سەبا زیاتر گەرموگوڕ و چاونەترسیان دەکات و سوور دەبن لەسەر داواکانیان و کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان ناھێنن.
لەژێر ھاشتاگی (#صبا_مھداوی) لە تویتەر داوای دۆزینەوە و ئازادکردنی دەکەن.