سەردێڕ:

ڕوحانى لەبارەى گەرووى هورمزەوە نامەیەکى ئاراستەى سەرۆکى وڵاتانى هاریکارى کەنداو کرد

وەک نیازپاکى ناردویەتى
فۆتۆ: 
2019-11-03

2096 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، حەسەن روحانى لەبارەى پاراستنى ئاسایشى گەرووى هورمزەوە نامەیەکى ئاراستەى عێراق و سەرۆکى وڵاتانى هاریکارى کەنداو کردووە.

عەباس موسەوى وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران بە ڕۆژنامەى ئەلجەریدەى کوەیتیی ڕاگەیاندووە، حەسەن ڕوحانى سەرۆک کۆمارى ئێران پاش دەستپێشخەرییە ئاشتییانەکەى کە لە کۆبوونەوەى کۆمەڵەی گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشی کرد، نامەیەکى وەک نیازپاکى بۆ وڵاتانى سعودییە و ئیمارات و بەحرەین و قەتەر و کوەیت و عێراق و عەمان ناردووە و، لە نامەکەدا ڕوحانى داواى لەو وڵاتانە کردووە کە هاریکارى ئێران بن لە دابینکردنى ئاسایشى گەرووى هورمز و پاراستنى ئەو ناوچە ئاوییانە بەڕووى کەشتییە بازرگانییەکاندا.

موسەوى ئەوەشى خستووەتەڕوو، نامەکەى ڕۆحانى بە وردى باسى جێبەجێکردنى هەنگاوەکانى چەسپاندنى ئاسایشى گەرووى هورمز دەکات و بە وتەى ئەو، نامەکەى ڕوحانى بەڵگەى سوربوونى ئێرانە لەسەر دابینکردنى ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەدا.

هەروەها وتەبێژەکەى ئێران ئەوەشى ئاشکراکردووە، لە داهاتوویەکى نزیکدا محەمەد جەواد زەریف وەزیرى دەرەوەى ئێران نامەیەک لەبارەى گەرووى هورمزەوە ئاراستەى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

پاش بەئامانجگرتنى چەند بارهەڵگرێکى نەوتى لە گەرووى هورمز، مانگى پێشوو ئێران لە کۆبوونەوەى نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەستپێشخەرییەکى بۆ دابینکردنى ئاسایشى گەرووى هورمز پێشکەشکرد و بەڵێنى پاراستنى ناوچە ئاوییەکانی دا.