سەردێڕ:

​ بەغدا.. خۆپیشاندانەکان بەردەوامن

فۆتۆ: 
2019-11-02

1300 جار خوێندراوەتەوە

لە بەغدا خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و مانگرتن لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەستیپێکردووە، هاوکات لە چەند شارێکی دیکەی عێراقیش خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە.

بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا، خۆپیشاندانەکانی بەغدا بەردەوامن  و ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکان بەرەو مانگرتن گۆڕاون، خۆپیشاندەران لە ئێستادا لەسەر شەقام دەمێننەوە و خێمەیان هەڵداوە، خەو  و خواردنیان لە ناو گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکەیە.

شانبەشانی بەغدا، لە ٧ پارێزگای دیکەی عێراق خۆپیشاندانەکان بەردەوامن و خۆپیشاندەران لەسەر شەقامەکانن.

هەر بە پێی زانیارییەکان، سێ شەقامی سەرەکی بەغدا قەدەغەی هاتووچۆیان تێداکراوە، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی پێکدادانەکان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران کەمتربوون، ئەمڕۆ شەممە تەنها یەک پێکدادان ڕوویداوە، هاوکات ٣٧ بریندار تۆمارکراوە و یەک کوژراو هەبووە، کە برینداری ڕۆژەکانی پێشووبووەو گیانی لەدەستداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندەران چاوەڕێی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانن و لەسەر داواکارییەکانیان سوورن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت، هەروەها گۆڕینی دەستوور و گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی.

ئەمڕۆ ٩ ڕۆژە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامن و تا ئێستا ١٨ کۆبوونەوە لە نێوان لایەنەکاندا کراوە و هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر، هەر بۆیە خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە.

 

H.A