سەردێڕ:

وەزارەتى نەوتى عێراق: لە مانگى رابردوودا نزیکەى ١٠٧ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە

داهاتەکەى زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە
فۆتۆ: 
2019-11-01

1529 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى نەوتى عێراق هەناردە و داهاتى نەوتى مانگى رابردووى ئاشکراکرد و رایگەیاند، نزیکەى ١٠٧ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتەکەشى زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە کە بەراورد بە مانگى ئەیلول کەمیکردووە.

عاسم جیهاد وتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق ڕایگەیاند،، بڕى هەناردەکردنى نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە بۆ مانگى رابردوو ١٠٦ ملیۆن و ٨٥٩ هەزار و ٤٧٠ بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتەکەى شەش ملیار و ١٠٧ ملیۆن و ٢١٥ هەزار دۆلار بووە.

بەپێى راگەینراوەکە، ١٠٣ ملیۆن و ٥٤٠ هەزار و ٨٥٥ بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانى باشور و ناوەراستى عێراقەوە هەناردەکراوە و ٢ملیۆن و ٥٧٩ هەزار و ٨٣٧ بەرمیل نەوتیش لە کێڵگەکانى کەرکوکەوە لەڕێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا هەناردەکراوە.

باسى لەوەشکرد، ٤٣١ هەزار بەرمیل نەوتیش لە کێڵگەى گەیارەوە هەناردەکراوە و هەروەها بڕى ٣٠٧ هەزار و ٢٩٢ بەرمیل نەوتیش هەناردەى وڵاتى ئەردەن کراوە.

وتەبێژى وەزارەتى نەوت ئاماژەى بەوەکرد، ریژەى هەناردەى نەوتى رۆژانە ٣ملیۆن و ٤٤٧ هەزار بەرمیل نەوت بووە و هەر بەرمیلێکیش بە ٥٧ دۆلار و ١٥٣ سەنت فرۆشراوە.

بەپێى راگەیەنراوى وەزارەتى نەوتى عێراق بۆ مانگى ئەیلول ١٠٧ ملیۆن و ٢٧٦ هەزار و ٣٢٧ بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.