سەردێڕ:

یەکەم هەوڵی لێپێچینەوەی ترەمپ دابەشبوونی کۆنگرێسی لێکەوتەوە

دانیشتنەکانی کۆنگرێس لەوبارەیەوە بەردەوام دەبێت
نانسی پێڵۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا
فۆتۆ: میدیای ئەمریکیی
2019-11-01

13585 جار خوێندراوەتەوە

یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەچوو و ئەوەش بووە هۆی دابەشبوونی ئەنجومەنەکە.

شەوی ڕابردوو بە کاتی کوردستان، لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا، گفتوگۆ و دەنگدان کرا لەسەر ئەو تۆمەتبارکردنەی ترەمپ لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەوەی کورسیی سەرۆکایەتییەکەی بۆ مەرامی تایبەتیی بەکارهێناوە.

لە یەکەمین هەوڵی فەرمیدا لەسەر ئەو بابەتە، دەنگدان کرا بۆ دادگاییکردنی ترەمپ و تێیدا ئەندامەکانی ئەنجومەن بە ٢٣٢ دەنگی بەڵێ لەبەرامبەر ١٩٦ دەنگی نەخێر، بڕیاریاندا گفتوگۆکان لەسەر ئەو بابەتە بەردەوام بێت.

لەسەر ئەو دەنگە زۆرە نەخێرانەی کۆمارییەکان کە بۆ وازهێنانی کۆنگرێس لە پرسی تێوەگلانی ترەمپ دابوویان، نانسی پێڵۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وتی، "ڕۆژێکی غەمگینە، کەس نایەت بۆ کۆنگرێس بۆ لێپێچینەوە لە سەرۆک".

لە ٢٥ی ٧ی ٢٠١٩، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئۆکرانیەکەیدا ئەنجامدابوو، تێیدا، داوای لە سەرۆکی ئەو وڵاتە کردبوو، کوڕەکەی جۆو بایدن، هەنتەر بایدن (کە یەکێک بووە لە بۆردی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای نیشتیمانی ئینێرجی بوریسما - ئۆکراینا)، بداتە دادگا. جۆو بایدن-یش کە وا پێشبینی دەکرێت کاندیدی سەرەکی دیموکراتەکان بێت بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٠، بە هاوکاری پارتەکەی، پارتی دیموکراتی ئەمریکا، ترەمپ-ی بە بەکارهێنانی کۆرسییەکەی بۆ مەرامی تایبەتی تۆمەتبارکرد و بۆ ئەمەش، ڕایگشتیی لەسەر دروستکرد و کار گەیشتووەتە کۆنگرێس. هەڵبەتە ترەمپ دەیان جار ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە و پێیوایە هەرچی کردبێت بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەی کردوویەتی.